عیراق لەڕووی یەدەگی زێڕەوە پێنجەم وڵاتی عەرەبیە

ئەنجومەنی جیهانی زێڕ ئاشكرای دەكات: عیراق خاوەنی زیاتر لە 96 تۆن زێڕی یەدەگە‌و لەسەر ئاستی جیهانیش پارێزگاری لە پێگەی خۆی كردوە.
بەگوێرەی راپۆرتی مانگانەی ئەنجومەنی جیهانی زێڕ، یەدەگی زێڕی عیراق بریتیە لە 96 تۆن‌و 300 كیلۆگرام كە ئەمەش یەكسانە بە لەسەدا 8 پۆینت 8ی یەدەگی دراوە بیانیەكانی بانكی ناوەندی، كۆتا جاریش كە بانكی ناوەندی عیراق زێڕی كڕیووە لەساڵی 2018دا بووە كە بڕەكەی 6 تۆن‌و نیو بووە.
هاوكات عیراق لەڕووی زێڕی یەدەگەوە لەسەر ئاستی جیهان بە پلەی 38‌و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش بە پلەی پێنجەم دێت.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، وڵاتانی جیهان لە مانگی ئابی ئەمساڵدا 27 تۆن ‌و 200 كیلۆگرام زێڕیان كڕیووە، كە نزیكەی 19 تۆن‌و نیوی لەلایەن توركیا‌و 3 تۆن‌و 100 كیلۆگرامی لەلایەن هندستان‌و 2 تۆن ‌و 800 كیلۆگرامی لەلایەن كازاخستانەوە كڕدراوە، لەبەرامبەریشدا وڵاتانی جیهان 17 تۆن ‌و 700 كیلۆگرام زێڕیان فرۆشتووە.