ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە هەرێم بەڕێژەی %20 زیادیکردووە

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لەگەڵئەوەی دەروازە سنوورییەکان بەڕووی جموجوڵە بازرگانییەکاندا دانەخران بەڵام بەهۆی سستی بازاڕەکانی هەرێم دەروازەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش خاوبوونەوەیەکی زۆریان بەخۆیانەوە بینی، بەرێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمیش دەڵێت، ئێستا دۆخەکە باشترە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەڕێژەی %20 زیادیکردووە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەدوای ئەوەی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمکرایەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و جموجوڵ کەوتە بازاڕەکانی ناوخۆ، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە و بوژانەوەش لەو کەرتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەدیدەکرێت”.

بەڕێوەبەری گومرگی هەرێم ڕایگەیاند، ناتوانین بڵێین جموجوڵە بازرگانییەکان وەکو پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێهاتووەتەوە، چونکە کاریکەری ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستا لە بازاڕەکاندا هەیە و هاوڵاتییان تەنها ئەو شتانە دەکڕن کە زۆر پێویستییانە، بۆیە کاتی پێویستە تاوەکو هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش وەکو پێشتری لێبێتەوە.

سەبارەت بەوە ڕێژەیەی کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان زیادیکردووە، ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، “لەسەر ئاستی هەرێم و بۆ سەرجەم پاریزگاکان بە ڕێژەی %20 ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادیکردووە، ئەمەش بەپێی پارێزگاکان هەریەکەیان بەو ئاستەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بە تێکڕا ئەو ڕێژەیە لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە”.

“ئێستا سەرجەم کاڵا و کەلوپەلەکان بەبێ سانسۆر هاوردە دەکرێن ڕێگری لە هێنانی هیچ کاڵایەک ناکرێت، جگە لەو کاڵا و کەلوپەلانەی کە لەلایەن حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە قەدەغەکراون کە ئەوانەش بەدەر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێش بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەش حکومەت هاوردەکردنی قەدەغە کردووە” بەڕێوەبەری گومرگی هەرێم وایوت.

لە ماوەی ڕابردوودا و بەهۆی ڕیکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، بازاڕەکانی هەرێم بەشێوەیەکی گشتی سستییەکی زۆریان پێوەدیاربوو، ئەویش بەهۆی ترس لە ڤایرۆسەکە و ناهاتنەدەرەوەی هاوڵاتییان لە ماڵەکانیان و ڕاگیرانی دەوامی فەرمانگە و خوێندنگە و زانکۆکان ئەمەش جموجوڵە بازرگانییەکانی تا ئاستێکی زۆر هێنایە خوارەوە.