حکومەتی عێراق لە ڕێگەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانیی عێراقەوە بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەکردنی زێڕی گەیاندە فڕۆکەخانەی هەولێر، سلێمانی و بەسرە و چەند ڕۆژێکە زێڕ لە کوردستانەوە نەچووەتە دەرەوە، ئەم بڕیارەش زیانی بە کاری زەڕەنگەرانی هەرێم گەیاندووە.
لەبارەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوە، هەندرێن عەبدولرەحمان، وتەبێژی سەندیکای زەڕەنگەران ڕایگەیاند، “بڕیارەکە لە حکومەتی هەرێمەوە گەیشت بە ئێمە، بەداخەوە بڕیارێکی خراپ بوو زیانێکی زۆر لە زێڕنگەرانی هەرێمی کوردستان دەدات، زیانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت دوای ئەوانیش بۆ زێڕنگەران بۆیە وەک سەندیکا داواکارین لە حکومەتی عێراق هۆکاری بڕیارەکەمان بۆ ڕوون بکاتەوە و پێداچوونەوەش بەم بڕیارەدا بکات بۆئەوەی بازرگان و زێڕنگەران و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەند نەبن”.
هەندرێن عەبدولڕەحمان وتویەتی، “ئەم بڕیارە مامەڵەکانی هەموو ڕاگرتووە، خەڵکی تووشی دڵەراوکێیەکی زۆر کردووە، ئێستا خەڵک نازانێت زێڕ بفرۆشێت یان بیکڕێت، ئەگەر ڕێژەیەک بە نموونە وەربگرین، بۆ نموونە ئەگەر پێشتر لە بازاڕی هەولێر ڕۆژانە 50 کیلۆگرام زێڕ مامەڵەی پێوەکرابێت ئێستا کەمبووەتەوە بۆ کەمتر لە پێنج کیلۆگرام واتە لە سەدا 90 مامەڵەکە کەمی کردووە”.
وتەبێژی سەندیکای زەڕەنگەرانی هەولێر لەسەر ئەم بابەتە زیادیکرد “نرخی زێر لە بازاڕ و بۆرسەی جیهانیدا هێشتا هەر بەرزە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم دۆخەوە لە هەرێمی کوردستان بە نرخێکی زۆر کەمتر زێڕ لە هاوڵاتییان دەکڕینەوە، چونکە بۆ ئێمەیش کە دەیفرۆشین کەمترمان بۆ دەکات چونکە تێچووی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنەکە لەسەر ئێمە زۆر زیادی کردووە، جاران جیاوازی نێوان زێڕی شکاو و زێڕی نوێ شەش بۆ حەوت هەزار دینارێک جیاوازی هەبوو، ئێستا چووەتە سەروو 20 هەزار دینار”.
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای زەڕەنگەران نزیکەی هەزار و 700 زەڕەنگەر لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەهۆی نەبوونی ڕێگەی ناردنەوەی زێڕ ئەگەری هەیە هەندێک کەس بە ڕێگەی گوند و قەزا و ناحییەکان زێڕ هەناردەی موسڵ و شارەکانی دیکە بکەن، بەڵام ئەم ڕێگەیەش سەختە و ئەگەری تیاچوونی زێڕەکە هەیە.