کەرتی گەشتوگوزاریی سلێمانی زۆرترین بووژانەوەی تۆمارکردووە


دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، بوژانەوەی کەرتی گەشتوگوزاری بەشێوەیەکی بەرچاو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و وتەبێژی دەستەکەش دەڵێت، سلێمانی بەرزترین ئاستی بوژانەوەی لەو کەرتەدا تۆمارکردووە.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم وتی، “لەدوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و سەرپشککردنی پارێزگاکان بۆ بڕیاردان لە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ، هەروەها کرانەوەی ڕێگاکان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم و عێراق کەرتی گەشتوگوزار بەشێوەیەکی گشتی بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە”.

نادر ڕۆستی وتیشی، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بوژانەوەی گەشتوگوزار لە پارێزگاکانی هەرێم زۆر باشبووە، جگە لە شوێنە گەشتیارییەکان بازاڕ و میوانخانە و چێشتخانەکانیش بوژانەوە و جوڵەیەکی زۆریان تێکەوتووە.

ئەو بەرپرسەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم باسی لەوەکرد، پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە کە زۆرترین بوژانەوە و جموجوڵی گەشتیاری تێدایە و بەرزترین ئاستی لەناو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمدا تۆمارکردووە، پارێزگای هەڵەبجە لە پلەی دووەم و هەولێر پلەی سێیەم و دهۆک چوارەم پارێزگایە لە بوژانەوەی گەشتیارییەوە.

وتەبێژی گەشتوگوزار وتیشی، هۆکاری ئەوەی کە لە دهۆک کەرتی گەشتیاری کەمتر بوژاوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی لە پارێزگاکەدا کۆرۆنا ئێستا بڵاوە و ڕێکارەکان هێشتا لەوێ توندترن.

“چاوەڕێدەکەین لە ئەم مانگە و مانگی داهاتوودا جوڵەیەکی زیاتر و بوژانەوەیەکی زیاتری گەشتیاری لە هەرێم هەبێت، هەروەها لە ئامادەکاریشداین بۆئەوەی کارئاسانی بکرێت بۆ هاتنی گروپە گەشتیارییەکان کە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ بوژانەوەی زیاتر” نادر ڕۆستی وا دەڵێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ و بڵاوبوونەوەی توندی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە وتەی بەرپرسانی گەشتوگوزاری هەرێم جوڵەی کەرتی گەشتیاری بۆ %0 دابەزی و سەرجەم شوێنە گەشتیاری، هۆتێل و میوانخانەکان داخران.