وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ ئاشکرای کرد بۆ پاڵپشتیکردنى بەرهەمى ناوخۆ و بەگەڕخستنەوەى پڕۆژە داخراوەکان، باجیان خستۆتە سەر هێلکەى تروکاندن کە لە دەرەوە دەکرێت بۆ پڕۆژەى دایکانە.
حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان راگەیاند: “پڕۆژەکانى دایکانە ژێرخانى بنەڕەتى و زنجیرەى تەواوکەرى پڕۆژەکانى بەخێوکردنى پەلەوەرن لە هەرێمی کوردستان، کە تایبەتن بە بەرهەمهێنانى هێلکەى تروکاندن، بەڵام بەهۆى دابەزینى نرخى هێلکەى تروکاندنى هاوردەکراوى وڵاتانى دراوسێوە، پڕۆژەکانى ناوخۆیى نەیانتوانى کێبڕکێى بەرهەمى دەرەوە بکەن”.
راشیگەیاند: “بە ئامانجى پاڵپشتیکردنى بەرهەمى ناوخۆیى و بەگەڕخستنەوەى پڕۆژە وەستاوەکانى هەرێم، وەزارەت بڕى دە سەنتى خستەر سەر هەر هێلکەیەکى هاوردەکراو، بۆئەوەى کارگەکانى ناوخۆیى بکەونە سەرپێى خۆیان و بتوانن کێبرکێى بەرهەمى هاوردە بکەن، چونکە بەهۆى دابەزینى بەهاى دراوى وڵاتانى دراوسێوە بەرهەمهێنانى هێلکە هەرزان دەکەوێت”.
ئاماژەى بە ئەوەش کرد” ئێستا لە کۆى حەڤدە پڕۆژەى دایکانە کە تایبەتن بە بەرهەمهێنانى هێلکەى تروکاندن و جوچک، ژمارەیەکیان دەستیان بەکار کردۆتەوە ئەمەش دەبێتە هۆى رەخساندنى هەلى کار بۆ ئەوکەسانەى لەو پڕۆژانە کاردەکەن و بووژاندنەوەى ئابووریى ناوخۆیی،ئەگەر تەواوى پڕۆژەکانیش دەست بەکارکردن بکەنەوە، ئەوا پێویستمان بە هاوردەکردنى هێلکە نابێ لە وڵاتانى دەرەوە”.