لە درێژەی هەڵمەتی سەوزکردنی شاخی گۆیژە لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکان و بە سەرپەرشتی قائیمقامی سلێمانی، تا دێت ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی ئامادەیی خۆیان دەردهبڕن بۆ هاوبەشیکردن لە پرۆژەکە روو لە زیادبوونە، لەو چوارچێوەیەدا کۆمپانیای (ماس) سەردانی قائمقامیەتی سلێمانی کردو ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆئەوهی (۲٠٠) دۆنم رووبەری شاخی گۆیژە سەوز بکات.
ئاوات محەمەد_ قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەو کەمپینە کرد کە بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیادا رایانگەیاندووە و مەبەستیانە بەو سەرمایە مرۆییە ناوخۆییەی لەبەردەستیاندایە بەشێکی زۆری شاخی گۆیژە سەوز بکەن بەوەش خزمەتێکی دوورمەودا بە ژینگەو سیمای جوانی سلێمانی بکەین.
ئاماژەی بەوەش کرد لە سەرەتای پرۆژەکەوە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و کۆمپانیای دەروازەو کۆمپانیای تانوپۆ ئامادەییان دەربڕیوە و دەستیان بە پرۆژەکە کردووە، تهواوی ئامادهكارییهكان له ههڵكهندنی چاڵ و پاككردنهوهی رێگاكان دهستیپێكردووه و تهنانهت جۆری درهختهكان دیاریكراوه و له وهرزی سهوزكردندا دهست به رواندنی درهختهكان دهكرێت.
قائیمقامی سلێمانی سەرەڕای ئەوەی سوپاسی ئەو کۆمپانیانهی کرد، داوای لە تەواوی کۆمپانیاو سەرماداران کرد ببنە بەشێک لە پرۆژەکە بۆئەوەی بەهەموو لایەک سیمایەکی جوانترو ژینگهیهكی پاكتر بدەینە سلێمانی.
هاوکات عەبدوڵا ئهحمهد_ بەرێوبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کۆمپانیایەک بیەوێت بەشداربێت لەو پرۆژەیەدا ستافی راوێژکاری و کەسانی شارەزایان بۆ دابین دەکەین و بەشی زۆری پرۆژەی گەیاندنی ئاویش بۆ پرۆژەکە تەواوبووەو هەر کارئاسانییەکیش پێویست بکات لەلایەن حکومەتەوە ئەکرێت بۆئەوەی کەمپەینی سەوزکردنی شاخی گۆیژە فراوانتر بکەین.