عێراق دووەم گەورە هەناردەكاری نەوتە بۆ چین


عێراق پلەی دووەمی لە نێو گەورە هەناردەكارانی نەوت بۆ چین لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا گرت.

ئیدارەی گشتی گومرگی چین ئەمڕۆ 25ی ئاب ئاشكرایكرد، عێراق پاش ڕوسیا لە پلەی دووەمدایە وەك گەورە هەناردەكاری نەوت لە مانگی تەمموز و بە هەناردەی بڕی 5.79 ملیۆن تۆن، لە پێش ئەویش هەناردەی ڕوسیا بۆ چین دێت كە لەو مانگەدا گەیشتووەتە 7.38 ملیۆن تۆن.

هەر تۆنێك نەوت یەكسانە بە حەوت بەرمیل.

لە دوای هەردوو وڵاتیش بەپێی ئیدارەی گومرگی چین، سعودییە دێت لە پلەی سێیەمدا بە توانای هەناردەی 5.36 ملیۆن تۆن.

ئاشكراشیكردووە، چین 387 هەزار و 792 تۆن نەوتی لە مالیزیا لە هەمان مانگ هاوردەكردووە كە بەراورد بە مانگێك پێشتر بە ڕێژەی 71% كەمیكردووە.

چین بە گەورەترین وڵاتی ئاسیا دادەنرێت لەڕووی هاوردەكردنی نەوتەوە بەهۆی ئەوەی بە گەورەترین دەوڵەت دادەنرێت لەبواری گەشەی ئابوری لەسەر ئاستی جیهان.