جموجۆڵی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووەتەوە



وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، دەڵێت، بڕیاری كردنەوەی رێگای هاتوچۆ لەگەڵ شارەكانی عێراق بڕیارێكی دروست بوو. بەپێی زانیارییە نافەرمییەكانیش ئێستا گەشتیاران زیاتر روو لە سلێمانی-ن، چونكە لەوێ لە پێش جەژنەوە رێگاكان بە نافەرمی كراوەن”.



بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) زیانێكی گەورەی لە كەرتی گەشتیاری هەرێمی كوردستان دا، بە وتەیبەرپرسانی كەرتەكە لە چەند مانگی رابردوو كە وەرزی هاتنی گەشتیار بوو، رێژەی گەشتیار لە شارەكانی هەرێمی كوردستان یەكسان بوو بە سفر، بەڵام بڕیاری نوێی وەزارەتی ناوخۆ بۆ كردنەوەی رێگاكانی هاتوچۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراق جارێكی دیكە جموجۆڵی گەشتیاری دروست كردووەتەوە.



نادر روستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: “هێشتا ئامارێكمان لەبەردەست نییە كە لەم چەند رۆژەدا، چەند گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەڵام جموجۆڵی گەشتیاری دەستی پێ كردووەتەوە و بەردەوامیش چاوەڕوان دەكەین زیاتر بێت”.



روستی وتیشی: “چاوەڕوان دەكەین بڕیارەكە ببێتە هۆی دووبارە بوژاندنەوەی كەرتی گەشتیاری هەرچەندە وەرزی هاوین زۆری نەماوە، بەڵام سروشتی هەرێمی كوردستان وایە كە گەشتیاری چواروەزەمان هەیە بۆیە بڕیارەكە دروستبوو دەستخۆشییان لێ دەكەین”.



وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان راشیگەیاند “بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان ئێستا گەشتیاران زیاتر روو لە پارێزگای سلێمانی-ن چونكە لەوێ لە پێش جەژنەوە رێگاكان بە نافەرمی كراوەن و هاتوچۆی گەشتیاری هەیە كە هەندێك ئاماری نافەرمی لە چەند سەرچاوەیەكەوە باس لەوە دەكەن لە جەژنەوە نزیكەی 100 هەزار گەشتیار روویان لەو پارێزگایە كردووە، بۆ هەولێر ئامارێكمان لەبەردەست نییە، بەڵام ئاگادارین جموجۆڵ دەستی پێ كردووەتەوە لەدوای ئەو بڕیارەوە دڵنیاین جارێكی دیكە كەرتی گەشتوگوزار دەگەشێتەوە”.



لە هەرێمی كوردستان كەرتی گەشتوگوزار لە ساڵانی رابردوودا بەرەو بوژانەوە و گەشەسەندن دەچوو، ساڵی رابردوو ریكۆردێكی نوێ لەڕووی هاتنی گەشتیارەوە تۆماركرا، بەهەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك بەپێی ئاماری فەرمی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتنە ناو هەرێمی كوردستانەوە كە زیاتر لە لەسەدا 85یان گەشتیاری شارەكانی عێراق و بەشەكەی دیكەشیان لە ئێران و وڵاتانی دیكەوە هاتبوون، بەڵام ئەمساڵ كۆرۆنا تاوەكو پێش جەژن ئەو ژمارانەی كردبوو بە سفر.