بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند لەمەودوا تەنھا ڕێگە بە ھاوردەکردنی ئاژەڵی کەم تەمەن دەدرێت و بەھۆی نەبوونی کارگەشەوە تەواوی پێستە خۆشکراوەکانی ئاژەڵ دەنێردرێنەوە دەرەوەو بەرھەمەکانیشیان بە پارەیەکی زۆر ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕاگەیاند: “پێشووتر لە ھاوردەکردنی ئاژەڵدا، زیاتر بەمەبەستی گۆشت ئاژەڵی گەورە و ئامادە دەھێنرایەوە ناو ھەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ئێستا ئەو بڕیارە گۆڕانکاریی تێدا کراوە و زیاتر ئەو ئاژەڵانە ھاوردە دەکرێن کە تەمەنیان بچووکە کە ھەم بڕە پارەی کڕینیان کەمترە و ھەمیش دەرفەتی کار بۆ ھەندێک خەڵک دروست دەکەن و بەخێویان دەکەن و دواتر لە سەربڕخانەکان بە شێوەی تەندروست ساغ دەکرێنەوە”.
فیراس سدیق وتیشی: “ساڵانە بە سەدان تۆن پێستەی خۆشکراوی ئاژەڵ بە نرخی ھەرزان دەنێردرێتەوە دەرەوە و دواتر بەرھەمەکانی وەک قایشی پانتۆل و جانتا و پێڵاو بە پارەیەکی زۆر ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، ئەوەش ھۆکارەکەی نەبوونی کارگەیەکی سوودوەرگرتنە لە پێستەی خۆشکراو، بۆیە پێویستە دەستەی وەبەرھێنان ھاوکار و کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە بکات کە دەیانەوێت کارگەی دروستکردنی بەرھەمەکامی پێستەی خۆشکراو دابمەزرێنن”.