قەبارەی قەرزەكانی عێراق 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق قەبارەی قەرزی دەرەكیی و ناوخۆیی كەڵەكەبووی سەر حكومەتی عێراق ئاشكرا دەكات.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، قەرزی دەرەكیی لە عێراق سنووری 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، لیژنەكە لە ساڵی 2019ـەوە قەرزی دەرەكی وەستاندووە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ھەروەھا بێ توانایی حكومەت بۆ دانی مووچەی فەرمانبەران، بوونە ھۆكار كە جارێكی دیكە روو لە قەرزی دەرەكیی لە بانكی جیھانی بكات بەبڕی 5 ملیار دۆلار.

 جەختیشیكردەوە زیاتر لە 15 ترلیۆن دینار لە بانكەكانی عێراق وەرگیراوە بۆ ئەوەی مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی پێ دابین بكرێت.

سەفار ئاماژەیدا، قەرزی دەرەكی سنووری 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ھەرچی قەرزی ناوخۆییشە 50 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە و حكومەت پابەند كراوە بەوەی كە بە زووترین كات بەرنامەی چاكسازی دارایی و ئابووری جێبەجێ بكات.