گەشتی ئاسمانی ئیستەنبوڵ بۆ بەغدا دەست پێدەكاتەوە


هێڵی ئاسمانی عێراق رایگەیاند، ڕۆژی یەكشەممە گەشتی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی ئیستەنبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ئەو عێراقییانە ڕێكدەخرێت كە خوازیارن بگەڕێنەوە.

هێڵی ئاسمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاند، گەشتەكان تەنها گەشتی گەڕانەوە دەبن لە توركیاوە بۆ عێراق بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە كە پێویستە پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستیی بن و ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنایان پێبێت كە لە ماوەی 48 كاتژمێردا پێش گەشتەكەی پشكنینەكە ئەنجام دەدرێت.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەو كەسەی دەیەوێت بگەڕێتەوە پێویستە لە ئیستەنبوڵ سەردان یان پەیوەندی بە نووسینگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە بكات و كۆپییەكی پاسپۆرت لەگەڵ تكتی گەڕانەوەی پێبێت.