وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان: دەبێت هاوڵاتیان بە ناچاری ماسک ببەستن

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە بەیانێکدا چەند بڕیار و رێنماییەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرد و تیاییدا دەسەڵاتی داوە بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی بەپێی بارودۆخی ناوچەکانییان مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.



وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە بەیانی ژمارە ٤٨دا، ئاماژەی بەوەکردووە کە بە رەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی دەسەڵات دەدەرێت بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئاساییکردنەوەی ھاتوچۆکردن لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و، رێکخستنی ھاتوچۆکردن لەگەڵ ئەو پارێزگایانەی کە ھاوسنوورن لەگەڵ پارێزگاکانی عێراق.



وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە، دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، سەرزێرێ، سەیرانبەند، کێلێ، تەوێلە، پشتە و شووشمێ بەرووی گەشتیاراندا بە داخراوی دەمێننەوە و تەنیا بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوە دەبن و، ھاوکات دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران کراوە دەبێت بە رووی ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی ئێران گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ھەروەھا ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێمی کوردستان کە قوتابین لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ئێران یان نەخۆشن و پێویستیان بە سەردانی پزیشک ھەیە لە وڵاتی ئێران، یان بۆ حاڵەتەکانی بەیەک گەیاندنی خێزان، ئەوا لە رێگای سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی دەتوانن داواکارییەکانییان پێشکەش بکەن.



ئاماژە بەوەکراوە کە ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی کراوە دەبن بەرامبەر گەشتە ئاسمانییەکان بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان و، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت، ھاوکات پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و کارگەکان کە پێویستیان بە شارەزایانی ئێرانی ھەیە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکانییان، ئەوا داواکارییەکانییان بە نووسراوی پارێزگا یان ئیدارە سەربەخۆکان پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ دەکەن بە مەبەستی رێگەپێدان و، پێویستە لەکاتی ھاتنیان گشت رێکارە تەندروستییەکان جبەجێ بکرێت و لەسەر ئەرکی خۆیان پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام بدەن.



لە بەیانەکەی وەزارەتی ناوخۆدا، ئەوەشخراوەتەڕوو کە، ھاتنەوەی ھاووڵاتییانی عێراقی لە دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل ئاسایی دەبێت و، بۆ کەسانی بیانیش بە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت، ھەروەھا گەشتکردنی ھاووڵاتییانی عێراقی بۆ وڵاتی تورکیا تەنھا بۆ چارەسەری نەخۆشی، بازرگانی و خوێندن دەبێت.



لە بەشێکی دیکەی بەیانەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە کە، پێویستە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، فەرمانبەر و کرێکارەکانی پابەند بکات بە بەستنی دەمامک و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لەو دامەزراوەیە، بەپێچەوانەوە بڕی ١٥٠ ھەزار دینار بۆ ھەر حاڵەتێک، خاوەنی ئەو دامەزراوەیە پێبژاردن دەدات، ھاوکات ھەر کەسێک لە دەرەوەی ماڵ بەبێ بەستنی دەمامک ببینرێت ئەوا بڕی ٢٠ ھەزار دینار پێبژاردن دەدات.



جەختیش لەوەکراوەتەوە کە ھۆڵەکانی وەرزش و لەشجوانی، پەیمانگاکان و خولی بەھێزکردنی زمان بە داخراوەی دەمێننەوە تا یەکی ئەیلوول و، ھاوکات دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ رێکخستنی ئەنجامدانی نوێژی ھەینی و فەرزەکانی دیکە بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتەکانی ئەوقاف و تەندروستی.



لە کۆتایی بەیانەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، ئەوەشخراوەتەڕوو کە، “دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆی تەواو یان سنووردار بەپێی پێویست”.