سیروان محەمەد: خاڵە سنورییەکان لە ڕووی بازرگانییەوە کراوەن و هیچ کێشەیه‌ك نیه‌


سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ هاوردەکردنی کاڵا و شمەک کراوە بوون و کێشەیەکی ئەوتۆ نەبینراوە.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە دوایین دۆخی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وتی: خاڵە سنورییەکان لە ڕووی بازرگانی و گەشتیارییەوە کراوەن و هیچ کێشە و گرفتێک نییە و ڕۆژانە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و هاوردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە بەردەوامە بەڵام کێشەی ترانزێتی هەیە و بارهەڵگرە ئێرانییەکان ناتوانن بێنە هەرێمی کوردستانەوە و بڕیارە پاش گرتنەبەری ڕێکاری پێویست ئەوەش چارەسەر بکرێت.

ناوبراو وتی: بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ڕادەیەک وەستان لە چالاکی خاڵە سنورییەکان هەبووە، ئەویش بۆ تاقیکردنەوە و دڵنیابوون لە مەرجە تەندرووستییەکانی هێنانی کاڵا بووە، خاڵی سنوری باشماخ بە تەواوی کراوە بووە، داخستنی خاڵە سنورییە لاوەکییەکان قەرەباڵغی و گوشارێکی لە سەر خاڵی سنوری باشماخ درووست کردبوو، ئەمەش بۆ کاتێکی دیاریکراو بووە و ئێستا وا نەماوە و کێشە و گرفتەکان چارەسەر کراون.

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی وتی: کۆرۆنا و داخستنی کاتیی سنورەکان کاریگەری لە سەر کەمبوونی کاڵا و شمەک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نەبووە، خواستی خەڵکیش بە هۆی ئەوەی کە لە ماڵەوە بوون لە سەر کڕینی کاڵا کەم بوو، داخستنی بازاڕ و دووکانەکانیش کاریگەر بوون لە سەر ئەوەی کە کاڵا و پێداویستییەکان ڕوو لە کەمبوون نەکات.

سیروان محەممەد سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژووری بازرگانی سلێمانی و ژوورە بازرگانییەکانی ئێران لەم سەردەمەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وتی: ڕۆژانە هاوئاهەنگی و پەیوەندیمان پێکەوە هەیە و ئەگەر کێشەیەک لە خاڵە سنورییەکان یان بابەتەکانی هاوپەیوەند هەبێت پێکەوە بە هاوکاری هاوبەش چارەسەری دەکەین.

وتیشی: تەنیا کێشەیەک هەبێت پەیوەندی بە ترانزێتەوە هەیە، ئەو بارهەڵگرانەی کە لە بەندەرعەباسەوە دێنە هەرێمی کوردستان و ماوەی چەند مانگێک دەبێت بە هۆی کرۆناوە ڕێگرییان لێدەکرێت، بارەکان دادگیرێن و ئەمەش کێشەی درووست کردووە، ئێمە داوامان کردووە کە هاوشێوەی هاووڵاتیانی ئێرانی کە سەردانی هەرێم دەکەن بۆ ئەو شۆفێرانەش پشکنینی کرۆنا بکرێت و تا ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە.

سەرۆژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەبارەت بە کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانیش وتی: ئێمە گوشارێکی ئەمریکامان کە سەر نییە و گەمارۆکان پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و کاریگەرییەکی وەها نییە کە شایانی باسکردن بێت.

ناوبراو لە درێژەدا و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پەیوەندییە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەش وتی: ئەو وڵاتانەی کە دێنە هەرێمی کوردستان کاڵای خۆیان هەیە و کاڵا و بەرهەمەکانی ئێرانیش هەیە، گرنگ ئەوەیە کە کۆمپانیا ئێرانییەکان وەبەرهێنانی خۆیان بێننە هەرێمی کوردستان، هەر وڵاتێکی دیکەش وەها بکات لای ئێمەوە پێشوازیی لێدەکرێت لە بەر ئەوەی کە هەلی کار بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت.

وتیشی: ئێمە و ئێران سنورێکی هاوبەشمان پێکەوە هەیە و بە واتایەکی دیکە تەواوکەری یەکترین، ساڵی 1991 تا ئێستا پەیوەندییەکانمان ڕووی لە گەشەسەند بووە و قەد بۆ دواوە نەگەڕاوەتەوە، بەڵام وڵاتانی دیکەش چاویان لە بازرگانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، وڵاتانی دراوسێ زیاتر پەیوەندییان لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.

سیروان محەممەد وتی: بە پێی ئەوەی کە لە ناوەندەکانی ئێران بڵاو دەبێتەوە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بەڵام لای حکومەتی عێراقی پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئەڵبەت ئێرانی لە ڕووی سیستەم و تەکنۆلۆژیاوە بەراورد بە عێراق باشترە و ئەو ئامارانە لای ئەوان بڵاو بووەتەوە.

ناوبراو وتی: حکومەتی عێراق یاسای پاڵپشتی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەمەش دەرفەتێکە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە هانی کارگە و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانی بدات کە لە ناوخۆی عێراق وەبەرهێنان بکەن و ئەم یاسایەش ئەوان بگرێتەوە.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لە سەر بایکۆتکردنی کاڵای تورکی لە لایەن خەڵکەوە وتی: ئەو شەڕە کاریگەریی خۆیی هەیە و دەسدرێژی بەردەوامی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم خەڵکی نیگەران کردووە و بێ گومان کاریگەریی دەبێت.

سیروان محەممەد لە کۆتاییدا وتی: پێویستە کۆمپانیا ئێرانییەکان کەڵک لە ناوچە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن و هەوڵیش بدرێت کە کێشە و گرفتەکان بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش چارەسەر بکرێت.