لەگەڵ بەردەوامی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، سەرۆکی ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە تاران دەڵێت، لە قۆناغی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە نزیکبوونەتەوەو هۆکارەکەشی بۆ بەکارهێنانی دەمامک و پابەندبوونی هاووڵاتییان دەگەڕێنێتەوە.
دەشڵێت “ئێستا 72% ی هاووڵاتییان دەمامک بەکاردەهێنن”، هاوکات رێکخراوی تەندروستی ئێران پێشنیازەکەی حکومەتی بۆ سزادانی ئەو کەسانەی سەرپێچی رێنماییە تەندروستییەکان دەکەن و دەمامک بەکارناهێنن پەسەند کرد و داوای جێبەجێکردنی دەکەن.
ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، لە گۆڕانکاریدایە و بەرپرسانی تەندروستیش ئەو وڵاتەش داوای پابەندبوونی زیاتری هاووڵاتییان بە رێنماییە تەندروستییەکان دەکەن.
لە نوێترین لێدوانیدا عەلی رەزا زالی، سەرۆکی ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە تاران رایگەیاند، لە قۆناغی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە نزیکبوونەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ بەکارهێنانی دەمامک و پابەندبوونی هاووڵاتییان دەگەڕێنێتەوە.
وتیشی: “ئێستا 72%ی هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەکاندا دەمامک بەکاردەهێنن و لە دامودەزگاکانی حکومەتیشدا ئەو رێژەیە گەیشتووەتە 85%”، ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ ناو دەبرێت بۆ نزیکبوونەوە لە کۆنترۆڵكردنی دۆخی تەندروستی لە ئێران.
لەگەڵ توندترکردنی رێکارەکانی حکومەت بۆ پابەندکردنی هاووڵاتییان بە رێنماییە خۆپارێزییەکان، بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنە گشتییەکاندا بووە ناچاری و لە دوایین کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتیشدا داوای سزادانی ئەو کەسانەش کرا کە پابەندی رێنماییەکان نابن.
لەوبارەوە رێکخراوی تەندروستی ئێران پێشنیازەکەی حکومەتی ئێرانی بۆ سزادانی ئەو کەسانەی سەرپێچی رێنماییە تەندروستییەکان دەکەن و دەمامک بەکارناهێنن پەسەند کردو رایگەیاندووە، لیژنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکی گونجاون بۆ سزادانی توندی ئەو کەسانەی دەمامک بەکارناهێنن، ئەوەش وەک گوشارێک بۆ پابەندکردنی هاووڵاتییان بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان و کۆنترۆڵی ئەو دۆخەی ئێستا لە ئێران کە قەیرانێکی گەورەی ناوخۆیی، تەندروستی و ئابووری لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی تەندروستی ئێران، تا ئێستا 6 هەزار کەس لە کادیرانی دەرمانی و پزیشک و پەرەستارەکان لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوون و 164 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەھا تاكوو ئێستا زیاتر لە 19 ھەزاركەس لە ئێران بەھۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوەو ژمارەی تووشبووانیش لەو وڵاتە بۆ نزیکەی 350 هەزار كەس بەرزبووەتەوە.