وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رۆژی سێی ئاب، بەیاننامەی ژمارە ٤٦ی راگەیاند کە بڕیارەکان چەند خاڵێکی لەخۆ گرتبوو لە یەکێک لە خاڵەکانیش قەدەغەکردنی ھاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بوو.
بەیاننامەی ژمارە ٤٦ کە لە رۆژی چواری ئاب، کاتژمێر ١٢ی شەو جێبەجێکرا و ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ ماوەی ١٤ رۆژ کاری پێ دەکرێت و بەم پێیەش ئەمڕۆش دوا وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی نێو بەیاننامەکەیە و پێشبینی دەکرێت وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی نوێ تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەربکات.
لە بەیاننامەی ژمارە ٤٦ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کرابوو کە ھاتوچۆی نێوان پارێزگاکان بە داخراویی دەمێنێتەوە و تەنها لە رێگای رێگەپێدانی ئەلیکترۆنییەوە ھاووڵاتییان دەتوانن ھاتوچۆ بکەن.
لە بەشێکی بەیاننامەکەی ژمارە ٤٦دا ھاتبوو کە سەرجەم گەشتارییەکان، پارکەکان، کافتریا، چایخانەکان، ھۆڵەکانی وەرزش و لەشجوانی مەلەوانگەکان و یانەکانی شەوانەیش دادەخرێن.
لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر و یەکەم هەنگاویش بە قەدەغەکردنی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان، داخستنی بازاڕەکان و راگرتنی دەوامی فەرمانگەکانی حکوومەت دەستی پێ کرد.