دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ راگەیەندرا بەغدا و هەولێر رێککەوتوون و بڕیارە مانگانە بەغدا، 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا، خالید شوانی راگەیەندراوێکی لەسەر وردەکاری رێککەوتنەکە بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی خالید شوانی، رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کاتییە و تا پەسەندکردنی یاسای بوودجەی ساڵی 2021ی عێراق بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەیش بەغدا مانگانە، 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.
خالید شوانی رایگەیاندوە “دوایی ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە و ۱۲ جار گۆڕینەوەی پێشنیاز و تێبینی، دوێنێ لەنێوان بەرێزان سەرۆکوەزیرانی هەرێم و حکوومەتی فیدرال گەیشتە دوا قۆناغ و رێککەوتنەکە راگەیەندرا، پڕۆسەی دانوسانەکە هەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆ بینی و دانوستانێکی قورس و ئاڵۆزبوو و لەیەک کاتدا هەوڵەکانمان هەم بۆ دابینکردنی مافە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، رێککەوتنەکە تاوەکو ئیقرارکردنی یاسای بوودجەی ۲۰۲۱ بەردەوام دەبێت و قۆناغێکی نوێی دانوستان لەسەر بوودجەی ۲۰۲۱ دەست پێ دەکەینەوە ، بەپێی رێککەوتنەکە مانگانە ۳۲۰ ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکرێت”.
خالید شوانی راشیگەیاندووە “رێککەوتنەکە میکانیزمی مامەڵەکردنی لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەکانی لەخۆگرتووە کە بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدرالی ژمارە ٦ ساڵی ۲۰۱۹ دەبێت و کۆمەڵێک مەلەفی تری وەک بابەتی چاودێری، ووردبینی و میکانیزمی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک مەلەفاتی تری دارایی و ئابووری لەخۆدەگرێت”.
دەقی راگەیەندراوەکەی خالید شوانی:
لەدوای زنجیرەیەک سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کاک قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا بەمەبەستی دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ومووچەی فەرمانبەران، ودوایی ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە و ۱۲ جار گۆرینەوەی پێشنیار وتێبینی، دوێنێ لەنێوان بەرێزان سەرۆک وەزیرانی هەرێم وحکومەتی فیدرالی گەیشتە دوا قۆناغ و رێکەوتنەکە راگەیاندرا.
پڕۆسەی دانوسانەکە هەڵکشان وداکشانی زۆری بەخۆ بینی و دانوسانێکی قورس وئاڵۆزبوو و لەیەک کاتدا هەوڵەکانمان هەم بۆ دابینکردنی مافە داراییکانی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، رێکەوتنەکە تاوەکو ئیقرارکردنی یاسای بودجەی ۲۰۲۱ بەردەوام ئەبێت و قۆناغێکی نوێی دانوستان لەسەر بودجەی ۲۰۲۱ دەستپێدەکەینەوە .
بەپێی رێکەوتنەکە مانگانە ۳۲۰ ملیار دینار رەوانەی هەرێم ئەکرێت .
رێکەوتنەکە کۆمەڵێ مەلەفی تری وەک بابەتی چاودێری و ووردبینی و میکانیزمی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک مەلەفاتی تری دارایی وئابووری لەخۆئەگرێت .
رێکەوتنەکە میکانیزمی مامەڵەکردنی لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەکانی لەخۆگرتووە کە بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ ساڵی ۲۰۱۹ ئەبێت .
سوپاس بۆ هەموو ئەو لایان وکەسایەتیانەی هاوکار و پشتیوانمان بوون و سوپاس بۆ هاوڵاتییانی کوردستان کە سەرەڕای زۆری موعاناتەکانیان پشوو درێژ بوون لەگەڵمان.