بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی کۆمپانیای نەوتی ئارۆندان کە کۆمپانیایەکی کەرتی نەوتی ئێرانە، جیهانگیر بورهەنگ، ئەمڕۆ شەممە 15ی ئاب، ڕایگەیاند %60 ی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کارۆن، لە کێڵگە هاوبەشەکانمانە لەگەڵ عێراقدا.
جیهانگیر بورهەنگ ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی ڕێژەی %60ی نەوتمان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کارۆن لە کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانمانن لەگەڵ عێراق و پێشبینی دەکەین ڕێژەی بەرهەمهێنان بۆ لە سەدا 70 بەرزبکەینەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی کێبڕکێی وڵاتانی دراوسێ بۆ بەرزکردنەوەی دەرهێنانی خاوی سوک و قورس.
بەڕێوەبەری کۆمپانیا نەوتییەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، دەمانەوێت بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانە بۆ یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بکەینەوە، چونکە کۆمپانیاکەمان لەسەر ڕووبەری پێنج هەزار کیلۆمەتر دووجا کاردەکات لەو ناوچەیە.
لە عێراقدا 24 کێڵگەی نەوتی هاوبەش هەیە، لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی سووریا، ئێران و کوەیت، لە ناویاندا 15 لەو کێڵگانە ئێستا نەوت بەرهەمدەهێنن، ئەوانی دیکە تاوەکو ئێستا دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت نەکردووە، لە بەناوبانگترینیان، ڕمێلە، سەفوان و زوبێر لەگەڵ کوەیت، مەجنون، بزرکان و ئەبو غرب، نەفتخانە لەگەڵ ئێران.