كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كان بایەخ بە میوەی هەرێم دەدەن

وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ هه‌رێم، گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ به‌ریتانیدا ئه‌نجامده‌دات، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ كوالێتی‌ میوه‌و به‌روبومی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ پلاندانانی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ئاشكرایده‌كات، تاموچێژی‌ میوه‌كانی‌ هه‌رێم لای‌ به‌ریتانییه‌كان زۆر په‌سه‌نده‌.
(ئه‌نوه‌ر عومه‌ر) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ پلاندانان له‌وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بەNNAراگەیاند، كونسوڵی‌ به‌ریتانیا پێی‌ ڕاگه‌یاندون، به‌نیازن هه‌ندێك كۆمپانیاو ده‌زگای‌ به‌بازاڕكردنی‌ به‌روبومی‌ كشتوكاڵیی‌ به‌ریتانی‌ بهێننه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
وتیشی‌:”له‌هه‌وڵداین بۆئه‌وه‌ی‌ میكانیزمێك بدۆزینه‌وه‌، بۆ گواستنه‌وی‌ میوه‌و به‌روبومی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی‌ به‌ریتانیا، به‌ڵام له‌ئێستادا گرفتی‌ ڕێگه‌وبانمان هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕێگه‌ی‌ ئاوی‌و شه‌مه‌ندۆفێری‌ نییه‌”.
ڕوونیشیكرده‌وه‌، گواستنه‌وه‌ی‌ میوه‌و سه‌وزه‌ی‌ هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی‌ فڕۆكه‌وه‌ تێچوونی‌ زۆرده‌بێت، بۆیه‌ پێشنیازی‌ دروستكردنی‌ مۆڵێك كراوه‌ بۆ فرۆشتنی‌ میوه‌و به‌روبومی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌وڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ بكرێت.
ئه‌نوه‌ر عومه‌ر باسی‌ له‌وه‌شكرد، به‌مزووانه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ به‌ریتانی‌ گرێبه‌ستێك ئه‌نجامده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن كوالێتی‌ میوه‌و به‌روبومی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بگه‌یه‌ننه‌ ئاستێكی‌ جیهانی‌، كه‌ ئه‌وه‌ش سودێكی‌ زۆری‌ ده‌بێت بۆ جوتیارانی‌ هه‌رێم. 
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ پلاندانان له‌وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، خاڵێكی‌ به‌هێزی‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌، كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كان جۆرو تاموچێژی‌ میوه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان زۆر به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌.