بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی هاوردەكردنی توتن و جگەرە سنورداردەكرێت دەبێت بەنوسینی كوردیش ڕێنمای بنوسرێت.
لە نوسراوێكدا بە ژمارە 5166 كەوێنەیەكی بۆ ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی نێردراوە ئاماژە بەوەدەكات” پێویستە جگەرەو توتن و نیرگیلە هۆشداری تەندروستی لەسەربێت بە جۆرێك ڕووبەری 50% لەڕوی گشتی پاكەتەكە بگرێتەوە و 30% ڕوی پێشەوەی پاكەتەكە بێت و ڕەنگی نوسین و قەبارەی هەمان نیشانەی بازرگانییەكەبێت و ئاگادار كردنەوە بەزمانی عەرەبی و كوردی بێت و مێژووی بەرهەم هێنان و كۆتای هێنانی بە مانگ و ساڵ دیاری كرابێت و ناونیشانی ووڵاتی بەرهەم هێنان دیاری كرابێت”
ئاماژە بەوەشكراوە ڕێژەی نیكۆتین و قەتران لەسەر ڕووی پاكەتەكە دیاری كرابێت بەگوێرەی ستاندەردی ڕێگە پێدراوی عێراقی یان WHO وە بازرگان پێویستە پابەندبێت بەتایبەتمەندیەكانی ستاندەردی ڕێگە پێدراوی عێراقی و ڕیكلام كردن بۆ جگەرە و بەرهەمەكانی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و بە پێچەوانەوە دوچاری سزای یاسای دەبێتەوە.
لە بڕیارێكی تری هاوردەكردنی توتن و جگەرەدا ئەوە هاتوە كە دەبێت بازرگان داواكاری پێشكەش بكات بەگوێرەی مەرجەكان بۆ ڕێگەپێدان كەناوی ماددە و بڕەكەی و شوێنی هێنانی دیاری بكات و بازرگان بەڵێننامە بدات لەبەشی یاسایی بەڕێوە بەرایەتی گشتی تەندروستی كە پابەند دەبێت بە مەرجەكان هەركات بازرگان ئەو بەڵێننامەیەی پڕكردەوە و هەموو مەرجەكانی تەندروستی جێبەجێ دەكات ئەوكات مۆڵەتی هێنانی ئەو بەرهەمەی پێدەدرێت.









