لە شاری سنە لەبەر هەژاری بەئاشكرا گورچیلەیان دەفرۆشن

به‌شێكی‌ زۆری‌ هاوڵاتیان لە شارەکانی رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان به‌ئاشكرا بانگه‌شه‌ بۆ فرۆشتنی‌ گورچیله‌كانیان ده‌كه‌ن بەهۆی بێکاری و هەژارییەوە پەنا بۆ فرۆشتنی گورچیلەکانیان دەبەن.
ئاژانسی هەواڵی‌ كوردپا له‌ راپۆرتێكیدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ لە ماوەی یه‌ك مانگی رابردوودا رێژەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی شاری سنە له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان (ئێران) بەهۆی هەژاری و دەستکورتیەوە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان و پێداویستییەکانی رۆژانەیان رویان لە فرۆشتنی گورچیلەکانیان کردووە.
یەکێک لە هاوڵاتیانی شاری سنە بە ماڵپه‌ره‌كه‌ی‌ راگەیاندوه‌ بێكاری‌‌و هەژاری بەڕادەیەک لە شاری سنە روی لە زیادبوون کردووە، کە لەو ماوەیەدا بە دەیان کەس له‌رێگه‌ی‌ بڵاو کردنەوەی نووسراوه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌كانیشیان له‌سه‌ره‌و له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌ خوازیاری فرۆشتنی گورچیلەکانیان.
ماڵپه‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ خستوه‌ته‌روو له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا مستەفا قاسمی، بەرپرسی ئەنجومەنی خێرخوازیی پشتیوانی لە نەخۆشییە گورچیلەییکان لە چاوپێكه‌وتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی تاران رایگەیاندبو، لە ئێران بە شێوەی ناوه‌ندی‌ لە بەرامبەر هەر یه‌ك كەسدا كە پێویستی‌ به‌گورچیله‌یه‌، چوار كەس خوازیاری فرۆشتنی گورچیلەكانیانن.
ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە دیاردەی فرۆشتنی گورچیلە لە ئێران رووی لە زیاد بوونكردووە و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتی و تەندروستی ئەو دیاردەیە وەک قەیرانی پڕ مەترسیی كۆمەڵایەتی وەسف دەكەن و هۆكارەکەشی بۆ بێكاری، گرانی و كێشه‌ كۆمەڵایەتییەكانی دیكە دەگەڕێننەوە.