شه‌رقولئه‌وسه‌ت: دوای نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانی زۆر سه‌رمایه‌دار پاره‌كانیان له‌بانكه‌كان كشاندۆته‌وه‌

ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌ژماره‌ی دوێنێیدا ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆته‌وه‌و تیایدا باسله‌وه‌ ده‌كات كه‌به‌هۆی نه‌خۆشی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه‌ شاری سلێمانی دووچاری قه‌یرانی نه‌بوونی لێشاوی پاره‌ بووه‌ له‌بانكه‌كانداو له‌پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش قه‌یرانی بۆ دروستبووه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی بانكه‌كانی شاری هه‌ولێریشی گردووه‌ته‌وه‌.
شه‌رقولئه‌وسه‌ت ڕاشیگه‌یاند، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌ی تاڵه‌بانیه‌وه‌، زۆربه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندو وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان و سه‌رمایه‌داره‌كان پاره‌كانیان له‌ بانكه‌كان ڕاكێشاوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی دیاری له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی بازاڕه‌كان له‌هه‌موو بواره‌كاندا دروستكردووه‌، وتیشی “تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ له‌ڕێگه‌ی دانی لێشاوی پاره‌ له‌بانكه‌كاندا چاره‌سه‌ربكات”.
له‌ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌كه‌دا هاتووه‌، نه‌خۆشی تاڵه‌بانی ته‌نها كاری نه‌كردووه‌ته‌ سه‌ر حاڵه‌تی ئابوری و سستبوونی مامه‌ڵه‌كانی بازاڕ، به‌ڵكوو له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ناوخۆی یه‌كێتی دروستكردووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌نێو سه‌ركرده‌ باڵاكانیدا، كه‌ به‌هۆی غیابی تاڵه‌بانیه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌ندامه‌كانی به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كانیانه‌وه‌ په‌یوه‌ستبووه‌.