بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت: هاوردەكردنی چیمەنتۆی ئێرانی لەخاڵی سنوری پەروێزخانەوە بۆ هەرێمی كوردستانو عیراق بەردەوامەو رۆژانەش 200 تا 300 بارهەڵگری چیمەنتۆ لەئێرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان.
هەرچەندە لەسەرەتای ئەم مانگەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا لەسەرەتای مانگی تەمووزەوە هاوردەكردنی چیمەنتۆی ئێرانی رابگیرێت، بەڵام تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕیارێكی لەوبارەیەوە نەداوەو هاوردەكردنی چیمەنتۆی ئێرانیش لەرێگەی خاڵە سنوریەكانی هەرێمەوە بەردەوامە.
لەلێدوانێكیشیدا بۆ كەناڵی گەلی كوردستان،حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان تەئكیدیكردەوە: تائێستا لەلایەن حكومەتی هەرێمو وەزارەتی داراییەوە هیچ نوسراوێكی تایبەت بەڕاگرتنی هێنانی چیمەنتۆی ئێرانیان پێنەگەیشتووەو تائێستاش حكومەتی فیدراڵی عیراق بڕیاری راگرتنی هێنانی چیمەنتۆی ئێرانی جێبەجێنەكردووەو پێشبینی ئەوەش دەكرێت بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە.