بڕیارە رۆژانی 20 تا 22ی ئەم مانگە، كۆنگرەی حەڤدەیەمینی مونتەدای ئابووریی جیهانیی لەشاری (سان پترسبۆرگ)ی روسیا بەئامادەبوونی زیاتر لەپێنج هەزار كەس بەڕێوەدەچێتو هەریەك لەمەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بانگهێشت كراون بۆ بەشداریكردن لەو كۆنگرەیەدا، ئەوەش یەكەم جارە كە بەرپرسانی كورد بانگهێشت بكرێ بۆ كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیە لەڕوسیا.
گرنگی ئەو كۆنگرە ئابوورییە لەوەدایە كە هاوشێوەی كۆنگرەی (داڤۆس)ە، هەربۆیە بەداڤۆسی روسی ناودەبرێ، سەبارەت بەكاروباری كۆبوونەوەكەش ئیگۆر كۆڤال بەڕێوەبەری كارگێڕیی سیاسەتی وەبەرهێنانو گەشەپێدانی هاوبەشیی نێوان كەرتی تایبەتو كەرتی گشتیی لەوەزارەتی گەشەپێدانی روسیا رایگەیاند، مونتەدای (سان پترسبۆرگ)ی ئابووری جیهانی یەكێكە لەسەكۆ سەرەكییەكانی جیهان بۆ تاوتوێكردنی كاروباری ئابووری لەسەر ئاستی جیهانو ناوخۆییش.
هاندانی وەبەرهێنانو گەشەی ئابووریی
ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕێی ئەنجامێكی باش دەكەین لەم كۆنگرەیەدا، بەشێوەیەك كە شایستەی پێگەی مونتەداكە بێت، ئەوەی وامان لێدەكات گەشبین بین بۆ گەیشتن بەو بیرۆكەیە، ئەوەیە كە روسیا سەرۆكایەتی ئێستای گروپی 20ی وڵاتە پیشەسازییەكانی جیهانە.
كۆڤال دەڵێ:»هەر لەو كۆنگرەیەدا خشتەی كاری گروپی 20 چڕدەكرێتەوەو ئەمجارەیان هاندانی وەبەرهێنان بۆ پێشخستنی رەوتی ئابووریو كێشەكانی تایبەت بەقەرزی گشتیی، چاكسازیی لەسیستمی دارایی جیهانییدا، بازاڕكردنی وزە، بەهێزكردنی بازرگانیی جیهانییوچەندین مەسەلەی ئابووری تریش گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت».
تەنها یەك كۆبوونەوە نییە
شانبەشانی كۆنگرەی مونتەدای ئابووری جیهانی، چاوەڕوان دەكرێت كۆنگرەی لاوانی وڵاتانی گروپی 20و هەروەها كۆبوونەوەی باڵای خودی وڵاتانی گروپی 20یش بەڕێوەبچێت، بەڵام بیرۆكەی سەرەكی كە چاودێرانی ئابووری پێیانوایە لەم كۆنگرەیەدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، مەسەلەی چۆنێتی دووبارە چالاكردنەوەی ئابووری جیهانو گەیشتن بەئابوورییەكی سەرپێكەوتووی ئەوتۆیە كەتوانای بەردەوامیی هەبێت، چونكە ئەو مەسەلەیە بابەتی گرنگی ئەمڕۆیەو زۆر وڵات كێشەیان لەو مەسەلەیەدا هەیە.
كۆنگرەی سان پترسبۆرگ، ئەمساڵ زیاتر لەپێنج هەزار كەس لەسەرۆكی وڵاتان، سیاسەتمەدار، سەرۆكی كۆمپانیا جیهانییەكان، ئابووریناس، پسپۆڕانی بواری بازرگانییو وزە بەشداریی تێدا دەكەن، وەك پێشبینی دەكرێت ئەنجێلا میركڵ راوێژكاری ئەڵمانیاو مارك رۆتا سەرۆك وەزیری هۆڵەنداش بەشداریی لەكۆنگرەكەدا دەكەن، هەروەها بۆ یەكەمین جار كۆنگرەی سان پترسبۆرگ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بانگهێشت كردووە، هاوكات نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بانگهێشت كراوە بۆ كرنگرەكە.
گۆڕینی جیهان
هەر لەو كەسایەتیانەی چاوەڕوان دەكرێت لەو كۆنگرەیەدا بەشداریی بكەن، (ئۆلیك دێریباسكا)ی سەرۆكی گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم كە بەكۆمپانیای (رۆسال) ناسراوە، لەگەڵ (ئەلێكسی مۆرداشۆڤ) خاوەنی كۆمپانیای (سیڤەرسال) كە گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی پۆڵایە لەڕوسیا، هەروەها سەرۆكی (سپێر بانك)ی روسیو سەرۆكی كۆمپانیای غازپڕمو سەرۆكی دامەزراوەی (روس نەفت)و چەندین خاوەن كۆمپانیای جیهانیو روسی تریش بەشدار دەبن.
لەكۆنگرەی ئەمساڵدا، وەك ئەوەی لەكۆنگرەی ساڵی رابردووشدا روویدا، چاوەڕوان دەكرێت چەندین كۆبوونەوە لەنێوان سەرۆكی كۆمپانیاكانی جیهانو بازرگانانو بەرپرسانی وڵاتاندا ئەنجام بدرێتو ئەگەری ئەوەش هەیە رێككەوتنی دوو قۆڵیو چەندلایەنەی ئابووری جۆراوجۆری لێبكەوێتەوە، كۆبوونەوەكانیش بەپێی وەسفی كەناڵەكانی راگەیاندن ئەوەندە گرنگن كە لەژێر ناوی (دانیشتنەكانی گۆڕینی جیهان)دا بەڕێوە دەچن.
ساڵ بەساڵ فراوان دەبێت
كۆنگرەی سان پترسبۆرگ لەسەرەتای دەستبەكاربوونیدا، تەنها كۆنگرەیەكی ناوخۆیی بوو، كە ساڵانە لەدوو هەزار كەس زیاتر بەشدارییان نەدەكرد، بەڵام چەند ساڵێكە لەكۆنگرەیەكی ناوخۆیی دەرچووەو بۆتە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتییو لەساڵی رابردوودا گرنگیی ئەو كۆنگرەیە بەهۆی گرنگیپێدانی روسیاوە گەیشتە لوتكە، لەو كەسایەتییە بەناوبانگانەی لەكۆنگرەی پاردا بەشدارییان كردبوو، هینری كیسنجەر كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لوید بلانكفین بەڕێوەبەری (گۆڵدمان ساكس)، جیرارد لۆپێز دامەزرێنەری دامەزراوەی (مانگرۆف كاپیتاڵ بارتنەر)، بەشێوەیەكی گشتیش ژمارەی بەشداربووانی گۆنگرەی ساڵی رابردوو گەیشتە پێنج هەزارو 347 كەس، بەڕێوەبەری 157 كۆمپانیای گەورەی بیانی تێدابوو، هەروەها ئیمزاكردنی 84 رێكەوتنو گرێبەستی ئابووریو بازرگانی لێكەوتەوە، لەڕووی رووماڵی راگەیاندنەكانیشەوە گرنگییەكی زۆری پێدرابوو، چونكە هەزارو 139 رۆژنامەنووس لە 30 وڵاتی جیاجیای جیهانەوە ئامادەی كۆنگرەكە بوونو رۆژانە چالاكییەكانی كۆنگرەیان رووماڵ دەكرد.