سەرەڕای نارەزاییەكانی بەغدا،شیڤرۆن هەرێمی هەڵبژارد

كۆمپانیای زه‌به‌لاحی شیڤرۆن گرێبه‌ستێكی نوێی بۆ گه‌شه‌پێدانی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم ئیمزا كرد.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی كۆمپانیای شیڤرۆن، كه‌ ئاژانسی سكای نیوز ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كۆمپانیاكه‌ به‌شداریی پرۆسه‌ی دۆزینه‌وه‌و گه‌ڕان به‌دوای نه‌وتدا ده‌كات، له‌ ناوچه‌كانی قه‌زای قه‌ره‌داغ-ی سه‌ربه‌ پارێزگای سلێمانی.
سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زاییه‌كانی حكومه‌تی به‌غدا له‌ كار و پرۆژه‌ و گرێبه‌سته‌كانی ئه‌و كۆمپانیایه‌، ئه‌مه‌ سێیه‌م گرێبه‌سته‌ كه‌  كۆمپانیای شیڤرۆن-ی ئه‌مریكایی بۆ دۆزینه‌وه‌ و كاری هه‌ڵكه‌ندنی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ئیمزای ده‌كات.
هه‌ردوو گرێبه‌سته‌كه‌ی پێشووی كۆمپانیای شیڤرۆن له‌ مانگی ته‌مموزی ساڵی 2012، له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا ئیمزا كرا و ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق هیچ گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكاییه‌دا نه‌كات و رێگری لێ بكات له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق كار بكات.
به‌لای حكومه‌تی ناوه‌ندیی عیراقه‌وه‌، گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان نایاساییه‌ و ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و كێشه‌ سه‌ره‌كییانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا-ی ئاڵۆز كردووه‌.
به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی چاودێرانی سیاسیشی، چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ نه‌وتییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، یه‌كێكه‌ له‌و هه‌ڕه‌شه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسیی درێژخایه‌ن له‌سه‌ر سه‌قامگیریی عیراق داده‌نێت.