به‌هۆی قه‌یرانی ئابوورییه‌وه، كه وایكردووه بواری وه‌به‌رهێنان لاوازبێت‌و وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌ش بچێته ژێر باری باجێكی زۆره‌وه، سه‌رمایه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ره‌و ئه‌و وڵاتانه ده‌كشێ كه مه‌رجه‌كانی وه‌به‌رهێنان‌و وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌و كاركردن ئاسانتره‌و باجێكی كه‌متریش ده‌چێته سه‌ر داهاته‌كه‌ی، دیارترین ئه‌و وڵاتانه‌ش كه خاوه‌ن سه‌رمایه سڵی لێده‌كاته‌وه‌و به‌ره‌و وڵاتانی تر هه‌ڵدێ، قوبرسه، چونكه به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری ئه‌وروپا‌و كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كانییه‌وه باجێكی زۆر له‌سه‌ر سه‌رمایه‌و داهاتی سه‌رمایه‌داران داده‌نێت، دیارترین وڵاتی كه‌نداویش كه زۆرترین سه‌رمایه‌ی ئه‌وروپا رووی تێكردووه ئیماراته.
باج له‌سه‌ر ئه‌سپارده
قوبرس هه‌موو جیهانی سه‌رسام كرد، كه دوای وه‌رگرتنی قه‌رزێكی فریاگوزاریی له‌یه‌كێتیی ئه‌وروپا‌و سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خت، چه‌ند رێوشوێنێكی گرته‌به‌ر، یه‌كه‌م جار بوو رێوشوێنی له‌و شێوه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئابووری ره‌چاوبكرێت، له‌و رێوشوێنانه‌ش بۆ یه‌كه‌م جار قوبرس بڕیاریدا باج بخاته سه‌ر پاره‌ی ئه‌سپارده‌كراو له‌بانكه‌كاندا، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وری دروستكرد‌و گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌كرا رێوشوێنی له‌و شێوه‌یه وڵاتانی تری ئه‌وروپاش بگرێته‌وه.
زیاتر به‌ره‌و دوبه‌ی ده‌چێت
وڵاتانی كه‌نداو به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌و شه‌پۆلی هه‌ڵاتنی سه‌رمایه‌یه‌ی ئه‌وروپا سوودمه‌ندبوون، له‌ناو وڵاتانی كه‌نداویشدا ئیماره‌تی دوبه‌ی له‌هه‌موویان زیاتر له‌و سووده‌ی به‌ركه‌وتووه، چونكه چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاواز جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه به‌لێشاو پاره له‌ئه‌وروپا‌و قوبرسه‌وه ده‌چێته ئه‌و وڵاته‌وه، هه‌ندێكی تریش پێیان وایه، ئه‌و بوژانه‌وه‌یه‌ی له‌بازاڕی دراو‌و كه‌رتی خانووبه‌ره‌دا له‌ئیمارات به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه سه‌رمایه‌یه‌كی زۆری وڵاتانی ئه‌وروپا روویانكردۆته ئه‌و وڵاته.
ئاڵوگۆڕ گه‌رموگوڕ بووه
عه‌دنان یوسف سه‌رۆكی یه‌كێتیی بانكه عه‌ره‌بییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، جوڵه‌یه‌كی به‌رچاوی دراو به‌ره‌و كه‌نداو هه‌ستی پێده‌كرێت، سه‌رچاوه‌كه‌شی ته‌نها قوبرس نییه، به‌ڵكو له‌زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌یه. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بازاڕی دراو‌و كه‌رتی خانووبه‌ره زۆرترین سوودمه‌ندی ئه‌و جموجۆڵه‌ی دراون به‌ره‌و كه‌نداو، ئه‌وه‌تا ده‌ستیانكردووه به‌بوژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو‌و رێژه‌ی ئاڵوگۆڕ تیایاندا به‌هۆی هاتنی ئه‌و سه‌رمایانه‌ی ئه‌وروپاوه له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه، ته‌نها به‌هاتنی ئه‌و سه‌رمایانه‌ش سه‌رجه‌م بازاڕه‌كانی ناوچه‌ی كه‌نداوو ئابووری ناوچه‌كه به‌گشتیی سوودمه‌ند ده‌بن.
بازێكی گه‌وره
محه‌مه‌د ئه‌لعیمران ئابووریناس له‌كۆمه‌ڵه‌ی ئابووریی سعودیه، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی یه‌كێتیی بانكه عه‌ره‌بییه‌كاندا هاوڕایه‌و ده‌ڵێ:»زیادبوونی قه‌باره‌ی مامه‌ڵه به‌تایبه‌تی له‌بازاڕی دراوی ئیمارات‌و كوێت به‌هۆی هه‌ڵاتنی سه‌رمایه‌ی قوبرس‌و وڵاتانی تری ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكاوه‌یه، چونكه ئه‌وان تادێت كۆت‌و به‌ندی زۆر‌و باجی زیاتر به‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی سه‌رمایه‌داراندا ده‌سه‌پێنن». به‌وته‌ی ئه‌و ئابووریناسه دوبه‌ی له‌هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه زیاتر سوودمه‌نده له‌و هه‌ڵاتنی به‌لێشاوی پاره‌یه له‌ئه‌وروپاوه، له‌دوای ئه‌ویش كوێت به‌پله‌ی دووه‌م دێت، ئه‌وه‌ش له‌زیادبوونی قه‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كانی بازاڕی پشك‌و خانووبه‌ره‌دا به‌ئاسانی هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌تایبه‌ت بازاڕی پشكه‌كان‌و كه‌رتی خانووبه‌ره‌ی دوبه‌ی به‌م دواییانه بازێكی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه.
سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه‌كه
قه‌یرانی ئابووری ئه‌وروپا ماوه‌ی دوو ساڵ ده‌بێت به‌رده‌وامه‌و سه‌ره‌تای كێشه‌كانیش به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه سیادییه‌كانه‌وه له‌یۆنان سه‌ری هه‌ڵدا، دواتر هه‌مان كێشه له‌ئیتالیا‌و ئیسپانیاش سه‌ری هه‌ڵداو كێشه‌كه گه‌یشته ئاستێك كه یه‌كێتیی ئه‌وروپا سندوقێك بۆ قه‌رزی فریاگوزاریی دابمه‌زرێنێت، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێك پێویستی پێی بوو قه‌رزی فریاگوزاریی بداتێ، سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختیش ئاماده‌یی هاوكاری ده‌ربڕی، به‌ڵام پێدانی ئه‌و قه‌رزه مه‌رجی له‌گه‌ڵدایه‌و مه‌رجه‌كانیش وڵاته قه‌رزاره‌كان ناچار ده‌كات كۆت‌و به‌ندی زیاتر بخاته سه‌ر جموجۆڵی ئابووری‌و خه‌رجی گشتیش كه‌مبكاته‌وه.