رۆژگارێك بوو خه‌ڵكی له‌وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و ئاسیا‌و وڵاته تازه پێگه‌یشتووه‌كاندا ئیره‌ییان به‌خه‌ڵكی ئه‌وروپا ده‌برد له‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ی له‌ژێرخانی ئابوورییدا به‌ده‌ستیان هێنابوو، یان تیایدا ده‌ژیان، به‌تایبه‌ت كاتێك ده‌بینرا خه‌ڵكی ئه‌وروپا جاده‌ی پان‌و جۆڕ‌و باڵه‌خانه‌ی به‌رز‌و پرد‌و تونێلی جوان‌و شۆسته‌ی پاك‌و خاوێن‌و پاركی جۆراوجۆریان هه‌یه، هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ش به‌هۆی راده‌ی به‌رزی خه‌رجی گشتی و بودجه‌ی تایبه‌ت به‌په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابوورییه‌وه هه‌یه، كه ئه‌وكاته ئه‌وروپا بودجه‌یه‌كی زۆری بۆ ته‌رخان ده‌كرد، به‌ڵام له‌وه‌ناچێت له‌مه‌ودا به‌و شێوه‌یه بێت، چونكه ئه‌وروپا له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌ستپێوه‌گرتندا‌و بۆ دانانی سنوورێك بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كانی به‌ناچاری خه‌رجی گشتی‌و بودجه‌ی تایبه‌ت به‌په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری كه‌مكردۆته‌وه.
كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیی
كۆمپانیای (ماركێت لاین)ی تایبه‌تمه‌ند له‌بواری كۆكردنه‌وه‌و پێدانی زانیاری له‌باره‌ی كاری بازرگانییه‌وه له‌مانگی سێی ئه‌مساڵدا راپۆرتێكی له‌باره‌ی ئاستی نزمی گه‌شه‌ی ئه‌وروپا‌و كێشه‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌ی خزمه‌تگوزاریی‌و په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئه‌وروپاوه بڵاوكرده‌وه، له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه كه له‌ساڵی رابردوودا ئاستی ئه‌و خه‌رجییانه‌ی ئه‌وروپا بۆ ژێرخانی ئابووری ته‌رخانی كردبوو ته‌نها به‌ڕێژه‌ی 1,5% زیادی كردووه‌و تێكڕای ئه‌و خه‌رجییانەی گه‌یشتۆته 741 ملیار دۆلار، ئه‌و رێژه‌یه‌ش ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌گه‌شه‌ی خه‌رجییه‌كانی ژێرخانی ئابووری له‌جیهاندا به‌گشتی كه 4,5% بووه، كه‌مه، خۆ ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی وڵاتانی ناوچه‌ی ئاسیا‌و زه‌ریای ئارام هه‌ر زۆر كه‌مه، چونكه له‌و ناوچانه‌دا رێژه‌كه 7,1% بووه. سه‌رباری ئه‌وه‌ش كه له‌ساڵی رابردوودا بارودۆخی ئه‌وروپا به‌و شێوه‌یه بووه، به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی (ماركێت لاین) له‌ساڵانی داهاتووشدا ئه‌و گه‌شه‌كردنه به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م زیاد ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بگاته 4,3%، كه دیسانه‌وه كه‌مه‌و ناگاته ئاستی مامناوه‌ند له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا.
خۆشیان هه‌ستیان پێكردووه
ئه‌م دۆخه‌ی كه یه‌كێتیی ئه‌وروپای تێكه‌وتووه، ئه‌وروپاییه‌كان خۆشیان هه‌ستی پێده‌كه‌ن، هه‌ندێك له‌خاوه‌ن كۆمپانیاكان‌و گروپه بازرگانییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت خودی به‌رپرسانی یه‌كێتیی ئه‌وروپاش ده‌ڵێن:»مه‌ترسییه‌ك هه‌یه كه هه‌ڕه‌شه له‌توانای كێبڕكێی ئه‌وروپا ده‌كات». هارۆڵد رۆیجته‌رز سه‌رۆكی یه‌كه‌ی تۆڕی هاتوچۆی ئه‌وروپا له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ:»ئێمه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ناوچه‌ی تری جیهاندا دواكه‌وتووین، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی نیگه‌رانییه».
راپۆرته‌كه‌ی (ماركێت لاین) باس له‌نموونه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری ده‌كات‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، كه له‌و بودجه‌یه‌دا كه له‌مانگی شوباتدا له‌برۆكسل دانرا، له‌كۆی 50 ملیار یۆرۆ، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌و شێوه‌یه بوو، كه‌مكرایه‌وه بۆ 29,3 ملیار یۆرۆ، له‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌شدا، كه‌رته‌كانی خزمه‌تگوزاریی (برۆدباند)و خزمه‌تگوارییه دیجیتاڵه‌كان زۆرترین داشكانیان به‌ركه‌وتووه‌و له 9,2 ملیار یۆرۆوه كه پێشتر بۆیان دانرابوو، كه‌مكرایه‌وه بۆ ته‌نها یه‌ك ملیار یۆرۆ.
له‌ئێستاوه كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ركه‌وتووه
قه‌باره‌ی خه‌رجییه‌كانی تایبه‌ت به‌په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووریی ئه‌وروپاش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تاساڵی 2020 به‌ڕێژه‌ی 38% كه‌میی كردووه، ئه‌وه‌ش وای له‌كۆمسیۆنی گواستنه‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كردووه ده‌ستبه‌رداری چه‌ندین پڕۆژه‌ی زه‌مینی‌و ئاسمانی بێت، سه‌رۆكی یه‌كه‌ی تۆڕی هاتوچۆی ئه‌وروپاش له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ئێمه به‌بودجه‌یه‌كی زۆر كه‌مه‌وه كارده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێده‌چێت ئه‌وه باشترین رێگه‌چاره‌بێت كه رێكه‌وتووین له‌سه‌ری‌و چاره‌یه‌كی ترمان نییه. ئه‌و به‌رپرسه ئه‌وروپاییه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه له‌چه‌ند ساڵی رابردووش‌دا بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئه‌وروپا به‌هۆی سیاسه‌تی ده‌ستپێوه‌گرتنه‌وه به‌رده‌وام كه‌مكراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری لاوازبوونی ئابووری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، كه له‌ئێستاوه كاری كردۆته سه‌ر توانای كێبڕكێی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانیدا‌و ئه‌و مه‌ترسییه‌ش له‌هه‌ردوو كه‌رتی هێڵی ئاسن‌و فڕۆكه‌وانیدا به‌دیده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانیدا ناگونجێ
ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ ئامانجی ستراتیژی‌و درێژخایه‌نی ئه‌و یه‌كێتییه‌دا یه‌ك ناگرێته‌وه، چونكه به‌پێی ئه‌و سیاسه‌ته ئه‌وروپا خوازیاره له‌ئاینده‌ی دوورمه‌ودادا هه‌لی كار ده‌سته‌به‌ر بكات‌و توانای كێبڕكێشی زیاد بكات‌و بازاڕی یه‌كێتیی ئه‌وروپاش گه‌شه پێبدات، به‌و پێیه‌ش بێت تاساڵی 2030 ته‌نها له‌كه‌رتی گواستنه‌وه‌دا پێویستی به‌خه‌رجكردنی 1,5 تریلیۆن یۆرۆ ده‌بێت.
یۆرگن تۆمان، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی (یورپ بزنس) له‌باره‌ی پێداویستییه‌كانی ئه‌وروپا‌و تواناكانییه‌وه ده‌ڵێ:»ئێستا باشترین ژێرخانی ئابووریمان هه‌یه له‌جیهاندا، به‌ڵام هه‌ر به‌وشێوه‌یه نامێنێته‌وه‌و پێویستمان به‌خه‌رجكردنی چه‌ندین ملیار یۆرۆ ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانین له‌م ئاسته‌ی خۆیدا بیهێڵینه‌وه».
توانای رابردووی بۆ ناگه‌ڕێته‌وه
پیدرۆ رۆدریجیز دی ئه‌لمێدا به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری له‌مونته‌دای ئابووری جیهانی له‌و باوه‌ڕه‌دایه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئابووریی ئه‌وروپا بوژانه‌وه‌ش به‌خۆیه‌وه ببنێت، وه‌ك هه‌ندێك پێشبینی دەستپێکردنی دەکەن، هێشتا قه‌باره‌ی خه‌رجییه پێویسته‌كان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی تریش له‌ئاستی خوازراودا نابێت. پێدرۆ ئه‌لمێدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر بوژانه‌وه‌ش هه‌بێت، ناتوانین بگه‌ینه ئه‌و ئاسته له‌دابینكردنی خه‌رجی بۆ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری كه له‌ساڵانی 2007و 2008دا هه‌مانبوو.
هه‌موو ئه‌و پاشه‌كشه‌یه له‌گه‌شه‌ی خه‌رجییه‌كانی تایبه‌ت به‌په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری‌و مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر توانای ئابووری‌و كێبڕكێی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌به‌رامبه‌ر ركابه‌ره‌كانیدا، هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سیاسه‌تی ده‌ستپێوه‌گرتنه كه ئه‌و یه‌كێتییه له‌دوای قه‌یرانه‌كه‌ی 2009وه گرتوویه‌تییه‌به‌ر، به‌و هیوایه‌ی له‌ڕێژه‌ی قه‌رزه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی كه‌مبكاته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ندێك وڵاتی ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه قه‌رزه‌كان له‌توانای دانه‌وه ده‌رچووبوون.