لە گرانی بازاڕەكەیدا،لوبنان سێهەم وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوڕاست

لوبنان ئه‌و وڵاته‌ بچكۆله‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ كیشوه‌ری‌ ئاسیاوه‌‌و له‌ڕووی‌ پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسییه‌وه‌ وڵاتێكی‌ فره‌ڕه‌نگ‌و فره‌كه‌ڵچه‌ره‌‌و ساڵانێكی‌ زۆریشه‌ به‌ده‌ست كێشه‌ی‌ سیاسی‌ ناوخۆوه‌ ده‌ناڵێنێت، به‌ڵام ئێستا باس باسی كێشه‌ ئابوورییه‌كانی‌ لوبنانه‌‌و گرانیی له‌و وڵاته‌دا یه‌كێكه‌ له‌دیارده‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كان. به‌پێی‌ ئامارێكی‌ یه‌كێك له‌كۆمپانیاكانی‌ تایبه‌ت به‌و بواره‌، لوبنان له‌دوای‌ هه‌ریه‌ك له‌قه‌ته‌ر‌و ئیمارات سێیه‌م گرانترین وڵاته‌ له‌ڕووی‌ به‌رزیی نرخی‌ كاڵاو شمه‌كه‌وه‌و پسپۆڕانی‌ ئابووریش هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ بێده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌ته‌كه‌یان له‌كۆنترۆڵكردنی‌ نرخدا.
حكومه‌ت هه‌یبه‌تی‌ له‌ده‌ست داوه‌
له‌باره‌ی‌ هۆكاره‌كانی‌ ئه‌و گرانییه‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌ی‌ كه‌ لوبنانی‌ گرتۆته‌وه‌‌و بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ سێیه‌م وڵاتی‌ ناوچه‌كه‌ بێت له‌ڕووی‌ گرانییه‌وه‌، ئیلی‌ یه‌شوعی‌ پسپۆڕی‌ ئابووری‌ پێیوایه‌، حكومه‌تی‌ لوبنان هه‌یبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ده‌ست داوه‌‌و توانای‌ كۆنترۆڵكردنی‌ نرخی‌ شمه‌كی‌ نییه‌‌و ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌گرنگترین هۆكاره‌كانی‌ گرانبوونی‌ شمه‌ك‌و بێسه‌ره‌و به‌ره‌یی له‌و وڵاته‌دا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر فرۆشیار بزانێت له‌كاتی‌ گرانكردنی‌ شمه‌ك‌و كاڵادا رووبه‌ڕووی‌ لێپێچینه‌وه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، به‌ئاره‌زووی‌ خۆی‌ نرخ له‌سه‌ر شته‌كان دانانێت.
ئه‌و پسپۆڕه‌ی‌ بواری‌ ئابووری‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ نه‌بوونی‌ چاودێری‌ بۆ نرخی‌ شمه‌ك‌و كۆنترۆڵكردنی‌، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی‌ كێبڕكێ له‌بازاڕدا، هه‌روه‌ها له‌ده‌ستدانی‌ كوالێتی‌ ده‌بنه‌ هۆی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ گرانی‌‌و بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی له‌بازاڕی‌ ناوخۆی‌ لوبناندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كاتێك گومرگ ده‌ستی‌ شل كرد بۆ بازرگانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر شمه‌ك‌و كاڵایه‌كیان بوێت بهێننه‌ ناو لوبنانه‌وه‌، ئیتر لوبنان كوالێتی‌ شمه‌كی‌ له‌ده‌ست دا. 
كورتهێنانی‌ بازرگانیی
هۆكارێكی‌ تری‌ گرانبوونی‌ شمه‌ك له‌و وڵاته‌دا به‌بۆچوونی‌ ئیلی‌ یه‌شوع، زۆربوونی‌ هاورده‌ی‌ شمه‌كی‌ بیانییه‌، چونكه‌ ئێستا لوبنان ساڵانه‌ به‌بڕی‌ 21 ملیار دۆلار هاورده‌ ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ریشدا ته‌نها به‌بڕی‌ پێنج ملیار دۆلار هه‌نارده‌ی‌ هه‌یه‌، واته‌ لوبنان به‌بڕی‌ 16 ملیار دۆلار كورتهێنانی‌ بازرگانیی هه‌یه‌‌و ته‌رازووی‌ بازرگانی‌ هاوسه‌نگ نییه‌.
لوبنان له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌وڵاته‌ گه‌شتیارییه‌كان‌و له‌و رووه‌شه‌وه‌ ناوبانگی‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت پێش شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌، لوبنان به‌سویسرای‌ خۆرهه‌ڵات ناسرابوو، به‌هۆی‌ بوونی‌ كه‌ش‌و هه‌وای‌ خۆش‌و جوگرافیایه‌كی‌ سروشتیی جوانه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی‌ بوونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌شوێنه‌واری‌ مێژوویی‌و كه‌ناری‌ ده‌ریا‌و خزمه‌تگوزاریی جۆراوجۆره‌وه‌، ساڵانه‌ گه‌شتیارێكی‌ زۆر له‌هه‌موو جیهانه‌وه‌ رووی‌ تێده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ش كه‌رتی‌ گه‌شتیاریی له‌و وڵاته‌دا كردۆته‌ پایه‌یه‌كی‌ گرنگ له‌داهاتی‌ گشتیی نه‌ته‌وه‌یی.
ئه‌م هاوینه‌ گه‌شتیاریی ده‌بوژێته‌وه‌
به‌رپرسانی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاریی لوبنان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مساڵ جموجۆڵی‌ گه‌شتیاریی له‌وڵاته‌كه‌یاندا ببوژێته‌وه‌. بیار ئه‌لئه‌شقه‌ر نه‌قیبی‌ سه‌ندیكای‌ خاوه‌ن هۆتێل‌و میوانخانه‌كانی‌ لوبنان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ:»بۆ ئه‌م هاوینه‌ خۆمان ئاماده‌كردووه‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاریی زۆرباش بێت، چونكه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دوو هێنده‌ی‌ ساڵانی‌ پێشوو گه‌شتیار بێته‌ لوبنانه‌وه‌». ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، له‌ئێستاوه‌ هۆتێل‌و میوانخانه‌كان‌و چێشتخانه‌ به‌ناوبانگه‌كان به‌ڕێژه‌ی‌ 80% گیراون.
سه‌باره‌ت به‌كارگه‌ریی گرانیی نرخی‌ شمه‌ك له‌سه‌ر كه‌رتی‌ گه‌شتیاریش ئیلی‌ یه‌شوع ده‌ڵێ:»گه‌شتیاری‌ بیانی‌ خۆرئاوایی كه‌ خۆی‌ وڵاتێكی‌ رێكوپێك‌و ژیانێكی‌ خۆشی‌ هه‌یه‌ روو ده‌كاته‌ وڵاتێك كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆی‌ بێت، وه‌ك سریلانكا، هیندستان، فلپین، به‌نگلادیش‌و لوبنان، به‌ڵام گه‌شتیاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌به‌ر كه‌ش‌و هه‌وا خۆشه‌كه‌ی‌ سه‌ردانی‌ لوبنان ده‌كات، واته‌ گه‌شتیار زۆر گوێ ناداته‌ گرانیی‌و هه‌رزانی‌‌و به‌ڵكو هۆكاری‌ تر هه‌یه‌ وای‌ لێده‌كات وڵاتێك هه‌ڵبژێرێت بۆ گه‌شت كردن».
زمانی‌ هاوچه‌رخ
له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكدا له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ دیارده‌ی‌ گرانیی له‌لوبنان ئیلی‌ یه‌شوع رایگه‌یاند، پێویسته‌ حكومه‌ت ئه‌و هه‌یبه‌ته‌ بۆخۆی‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ده‌ستی‌ داوه‌، هه‌روه‌ها له‌ڕووی‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ چاكسازی‌ بكات، ئێستا له‌جیهاندا زمانی‌ هاوچه‌رخ زمانی‌ ئابووری‌‌و بازاڕ‌و قازانج‌و داهات‌و هه‌لی‌ كار‌و دراوو بۆرسه‌‌و ته‌كنه‌لۆژیا‌و كاروباری‌ رۆژانه‌یه‌، زمانی‌ مێژوو سه‌روه‌رییه‌كانی‌ رابردوو نه‌ته‌وه‌گه‌رایی باوی‌ نه‌ماوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ به‌رپرسانی‌ لوبنانیش ئه‌و زمان هاوچه‌رخه‌ فێربن‌و به‌و زمانه‌ هاوچه‌رخه‌ قسه‌ بكه‌ن‌و ده‌ست له‌و زمانه‌ كۆنه‌ی‌ چله‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو هه‌ڵگرن كه‌ زمانی‌ حزب حزبێنه‌‌و ئایدیۆلۆژیایه‌، چونكه‌ له‌هیچ وڵاتێكی‌ هاوچه‌رخ‌و پێشكه‌وتوودا ئه‌و زمانه‌ كۆنه‌ قسه‌ی‌ پێناكرێت.
رێژه‌ی‌ هه‌ژاریی به‌رزه‌
(75%)ی‌ ئابووری‌ لوبنان كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات‌و یه‌كێكیشه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ داهاتی‌ تاك تیایدا نزیكه‌ی‌ 15 هه‌زار دۆلاره‌ له‌ساڵێكدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێژه‌یه‌كی‌ به‌رزی‌ بێكاریشی‌ تێدایه‌‌و له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئایاردا‌و به‌بۆنه‌ی‌ جه‌ژنی‌ كرێكارانه‌وه‌ حه‌سه‌ن فه‌قێ جێگری‌ یه‌كێتیی كرێكارانی‌ لوبنان رایگه‌یاند، رێژه‌ی‌ بێكاری‌ گه‌یشتۆته‌ (30%)‌و جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ كرێكارانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌بارودۆخێكی‌ زۆر خراپدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، داواشی‌ كرد حكومه‌تی‌ لوبنان چاكسازیی له‌به‌ڕێوه‌بردندا بكات‌و دووركه‌وێته‌وه‌ له‌تایه‌فه‌گه‌ری‌‌و جیاكاریی، چونكه‌ بێكاریی‌و هه‌ژاریی، ئایین‌و نه‌ته‌وه‌‌و مه‌زهه‌ب‌و گروپ‌و تایه‌فه‌‌و ره‌نگ ناناسێت، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و جیاكارییانه‌ وه‌لا بنرێن‌و كێشه‌ ئابوورییه‌كان له‌ڕووی‌ ئیدارییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.
سه‌رچاوه‌: أیلاف
سكای‌ نیوز
الشرق الجدیدە