بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی ‌: پێویستە وڵاتە تازە پێگەشتوەكان چاكسازی لە پەیكەری ئابورییاندا بكەن

به‌هۆی‌ دۆخی‌ ئابووریی‌ ئه‌وروپا ‌و خاوبوونه‌وه‌ی‌ گه‌شه‌ له‌بازاره‌ تازه‌پێگه‌یشتوكان، بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پێشبینیه‌كانی‌ بۆ گه‌شه‌ی‌ ئابووریی‌ جیهان داده‌به‌زینێت.
له‌ڕاپۆرتی‌ پێشبینیه‌كان بۆ گه‌شه‌ی‌ ئابووریی‌ جیهان، كه‌ ساڵانه‌ دوو جار بڵاوده‌كرێته‌وه‌،بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هۆشداری‌ دا له‌گه‌شه‌ی‌ ئابووری‌ وڵاته‌ تازه‌پێگه‌یشتوه‌كان، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا گه‌شه‌ی‌ ئابووری‌ له‌و وڵاتانه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابووریی‌ جیهانی‌ كردووه‌،به‌ڵام له‌ئێستادا بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پێی‌ وایه‌ ئاستی گه‌شه‌كردنه‌كه‌، ناگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ به‌ر له‌قه‌یرانی‌ دارایی‌ جیهان تۆمار كراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ وڵاته‌ تازه‌پێگه‌یشتوه‌كان جاكسازی‌ له‌په‌یكه‌ری‌ ئابووریان ئه‌نجام بده‌ن  تا به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر گه‌شه‌ی‌ ئابووری‌.
بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پێشبینی‌ ده‌كات ئابووریی‌ جیهان له‌مساڵدا به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 2.2 گه‌شه‌ بكات،له‌كاتێكدا له‌ ڕاپۆرتی‌ پێشویدا، كه‌ له‌مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌م بڵاویكرده‌وه‌، پێشبینی‌ كردبوو تێكرای‌ ئه‌و گه‌شه‌یه‌ له‌مساڵدا بگاته‌ له‌سه‌دا 2.4.
بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پێشبینیش ده‌كات گه‌شه‌ی‌ ئابووریی‌ جیهان له‌ساڵی‌ 2014 بگاته‌ له‌سه‌دا 3‌و له‌ 2015یشدا له‌سه‌دا 3.3 تۆمار بكات.
له‌مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ رابردوودا بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ڕاپۆرتێكیدا پێشبینیه‌كانی‌ بۆ گه‌شه‌ی‌ ئابووری‌ وڵاته‌ تازه‌پێگه‌یشتوه‌كان له‌سه‌دا 5.5 كه‌مكرده‌وه‌ بۆ له‌سه‌دا 5.1،ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئابووری‌ وڵاته‌ تازه‌پێگه‌یشتوه‌كان له‌ساڵی‌ رابردوودا خاوترین گه‌شه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵی‌ رابردوودا تۆمار كرد.
بانكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پێشبینی‌ ده‌كات له‌داهاتوودا گه‌شه‌ی‌ ئابووریی‌ وڵاته‌ تازه‌پێگه‌یشتوه‌كان هێدی‌ هێدی‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشان بچێت،به‌شێوه‌یه‌ك له‌ساڵی‌ 2014 بگاته‌ له‌سه‌دا 5.6‌و له‌ 2015 یشدا له‌سه‌دا 5.7 تۆمار بكات.