عێراق.. 10ملیۆن هه‌لی‌ كار بۆ هاوڵاتیان دابینده‌كرێت

جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بۆ كاروباری‌ وزه‌ ڕایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی‌ ستراتیژیه‌تی‌ نیشتمانی‌ وزه‌، له‌چه‌ند ساڵی‌ داهاتوودا (10) ملیۆن هه‌لی‌ كار بۆ هاوڵاتیان دابینده‌كرێت.
(حسێن شه‌هرستانی‌) جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بۆ كاروباری‌ وزه‌ له‌لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی‌ (مه‌سه‌له‌) جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، به‌پێی‌ ستراتیژیه‌تی‌ نوێی‌ نیشتمانی‌ وزه‌، كه‌ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ عێراق له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ڕایگه‌یاندووه‌، له‌چه‌ند ساڵی‌ داهاتوودا زیاتر له‌ (10) ملیۆن هه‌لی‌ كار بۆ هاوڵاتیانی‌ عێراق دابینده‌كرێت، هه‌روه‌ها (5 بۆ 6) ملیار دۆلار له‌بواری‌ وه‌به‌رهێنانی‌ وزه‌دا خه‌رجده‌كرێت.
(حسێن شه‌هرستانی‌) داوای‌ له‌سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، به‌وریاییه‌وه‌ ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ نوێیه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، چونكه‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ له‌و ماوه‌یه‌ی‌ بۆی‌ دیاریكراوه‌، عێراق بازدانێكی‌ گه‌وره‌ له‌بواری‌ وه‌ربه‌رهێنانی‌ وزه‌دا به‌خۆوه‌ ده‌بینێت.
جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق بۆ كاروباری‌ وزه‌ وتیشی‌:”به‌پێی‌ ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ نوێیه‌، عێراق ده‌چێته‌ ئاستی‌ وڵاته‌ جیهانیه‌كانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌بواری‌ پیشه‌سازی‌ پترۆكیمیاییدا، له‌ئێستاشه‌وه‌ ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ نوێیه‌ كراوه‌، ئه‌ویش له‌سه‌ر ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنان‌و هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتدا”.