بلۆككردنی‌ كۆمپانیاكان كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر به‌های‌ دراو نابێت

مامۆستایه‌كی‌ زانكۆ‌و پسپۆڕێكی‌ بواری‌ ئابوری‌ ڕایگه‌یاند، بلۆككردنی‌ كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ ئالوێری‌ دراو نابێته‌ كێشه‌ بۆ بازرگانی‌ دراو، به‌ڵكو قۆرخكردنی‌ مامه‌ڵه‌ دراوییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانییه‌كه‌وه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌. 
دكتۆر (كامه‌ران ئه‌حمه‌د) مامۆستای‌ زانكۆ‌و پسپۆڕی‌ بواری‌ ئابوری‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، قۆرخكردنی‌ بانك له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌س‌و كۆمپانیا‌و بانكێكه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌، نه‌ك بلۆككردنی‌ كاری‌ كۆمپانیایه‌ك، كه‌ تۆمه‌تی‌ له‌سه‌ربێت. 
د. كامه‌ران وتی‌:”قۆرخكردن ده‌بێته‌ هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دراوی‌ بیانی‌‌و دابه‌زینی‌ به‌های‌ دراوی‌ عێراقی‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ئازادكردنی‌ تاكه‌ كه‌س كۆمپانیا‌و بانكه‌كان ئاڵوێر زۆرتر ده‌بێت‌و به‌های‌ دیناری‌ عێراقی‌ زیاتر ده‌بێت‌و دراوی‌ بیانی‌ داده‌به‌زێت به‌هۆی‌ ئه‌و كێبڕكێیه‌ی‌ دێته‌ كایه‌وه‌”.
بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق له‌ڕێگه‌ی‌ به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاشكراكرد، مامه‌ڵه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌كۆمپانیاكان بلۆككردوه‌ به‌هۆی‌ بوونی‌ داوای‌ یاسایی‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌هاوبه‌شه‌كانی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌.