كۆمپانیای زەین بۆ پەیوەندیەكان نزیكەی 56 ملیۆن پشك لەبازاڕی عیراق بۆ كاغەزە داراییەكان دەخاتەڕوو و نرخی هەر پشكێكیش بە یەك دیناری عیراقی دیاریكراوە.
كۆمپانیای زەینی كوەیتی بۆ پەیوەندیەكان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە: بەگوێرەی ڕێنماییەكانی تایبەت بە خستنەڕووی پشكی كۆمپانیاكانی مۆبایل، وەكو هەنگاوی یەكەم كۆمپانیایەكی پشكداریان بەناوی (خاتم بۆ پەیوەندیەكان) لە بازاڕی كاغەزە داراییەكانی عیراق تۆماركردووە، كە بەپێی یاساكانی عیراق هەڵدەستێت بەخستنەڕووی 55 ملیۆنو 900 هەزار پشك كە لەسەدا 25ی كۆی پشكەكانی كۆمپانیای زەین پێكدەهێنێتو نرخی هەر پشكێكیش یەك دیناری عیراقیە، هەروەك خستنەڕووی پشكەكانی زەین لەرۆژی 6ی حوزەیرانەوە دەستیپێكردووەو بۆ ماوەی 30 رۆژ بەردەوام دەبێت.
كۆمپانیای زەین بۆ پەیوەندیەكان لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا ئامادەیی خۆی پیشاندا كە لەسەدا 25ی پشكەكانی خۆی لەبازاڕی كاغەزە داراییەكانی عیراق بخاتەڕوو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەسەرەتای مانگی شوباتدا 67 ملیارو 500 ملیۆن پشكی بەنرخی 22 دینار بۆ هەر پشكێك خستەڕوو و توانی لەو ڕێگەیەوە 1 ملیارو 270 ملیۆن دۆلار كۆبكاتەوە.