بەمەبەستی زیاتر پتەو کردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان لە نێوان شاری لورستانی ئێران و شاری سلێمانیدا پرۆتۆکۆڵێک واژۆکرا.
سەرۆکی ژوری بازرگانی لوڕستان و 26 کۆمپانیا سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کردو پرۆتۆکۆڵێکی لێکتێگەیشتن بۆ کاری هاوبەشی نێوان هەردولا واژۆکرا.
یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ،دوای کۆبونەوەی لەگەڵ کۆمپانا ئێرانیەکان ڕایگەیاند پێویستە کۆمپانیاکان کاری وەبەرهێنان لە شاری سلێمانیدا بکەن و پەیوەندیە بازرگانیەکان پتەو تر بکەن کارگەی پێشکەوتو لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن.
لای خۆشیەوە (حسین ساڵح ورزی) سەرۆکی ژوری بازرگانی لورستان ڕایگەیاند: ئەوان بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەتەنها لە پارساڵدا بڕی بازرگانیکردن گەشتۆتە 110 ملۆن دۆلار ،ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بەردەوام کاری بازرگانی درێژەی هەیەو لەمساڵیشدا دەمانەوێت کاری زۆر گرنگتر ئەنجام بدەین.
دوابەدوای کۆبونەوەکە سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد پرۆتۆکۆڵێکی لێکتێگەشتنی لەگەڵ سەرۆکی بازرگانی لورستان واژۆکرد و ڕایگەیاند” هەمیشە پەیوەندیەکان لەگەڵ لورستان توندوتۆڵبووە و دەمانەوێت کاری باشتر بکەن و بازرگانی و شتومەک زیاتر هاوردەی کوردستان و سلێمانی بکرێت”.