سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، سەرکۆمار بەرهەم ساڵح لە نزیكەوە چاودێری وردەكاری و كاردانەوە فەرمییەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵی كردووە، لەبارەی دەرەنجامی گفتوگۆ بەردەوامەكانی نێوان هەردوولا لە ماوەی دوو مانگدا بۆ گەیشتن بە پاكتاوكردنی دارایی كە لەو رێگەیەوە بەشە بوودجە لە بوودجەی ساڵانەی هەرێم بنێردرێت.
لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە دەرچووە، بەرھەم ساڵح جەختیكردووەتەوە كە پشتیوانی و بە شێوەییەكی ورد و بەردەوام چاودێری گفتوگۆ بەردەوامەكانی كردووە بۆ گەیشتن بە پاكتاوی یاسایی دادپەروەرانە بۆ ئەو بابەتە، كە زۆربەی ئاستەنگەكانی لە رێگەی گفتوگۆوە لەم چەند رۆژەی رابردوو نەهێڵراون و كەم كراونەتەوە.
بەرهەم ساڵح سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لەبەرامبەر ئەو راگەیەنراوانەی كە تیایدا گرژی نیشان دەدرێت و رەنگدانەوەی راستی گفتوگۆكان نییە و ئەو راستیەش ناخاتە روو كە كە ئومێدی ئەوە دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیە بگەنە رێکكەوتن و چارەسەرێكی دادپەروەرانە و یاسایی پەیڕەو بكرێت كە مافی گەلانی عێراق بپارێزێت و لە ناویشیاندا مافی هاووڵاتییان لە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان.
سەركۆماری عێراق ئاماژەی كردووە بۆ ئەو پشتیوانییەی كە لە سەرەتاوە كردوویەتی بۆ گەیشتن بە پاكتاوێک كە زامنی گەیشتنی بوودجە و دارایی حكوومەتی فیدراڵ بكات، بۆ هەرێم لە ناویشیاندا مافی هاووڵاتییانی هەرێم و بە دڵنیاییەوە لە رێگەی پەیرەوكردنی بنەمای شەفافییەت و پشت بەستن بە دەقە یاساییەكان كە هیچ بۆشاییەك بۆ گەندەڵی و ساختەکاری ناهێڵێتەوە.
بەرهەم ساڵح رایگەیاندووە زامنكردنی مووچەی هاووڵاتییانی عێراقی و لە نێویشیاندا هاووڵاتییانی هەرێم مافێكی دەستورییە و لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە زامنی ئەو مافە بكەن و دەستاو دەستی پێنەكەن بەگوێرەی بەرژەوەندی سیاسی و خودی یان بەشێوەی ناشەرعی و نا یاسایی.
بەرھەم ساڵح جەختیكردووەتەوە كاریگەری ناكۆكییە بەردەوامەكان لەبارەی بابەتە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر مافی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان لە رووی یاساییەوە رەت دەكەینەوە و پێویستە هەست بە ئازاری مەترسیداری هاووڵاتییانی هەرێم بكرێت، لەبەر رۆشنایی ئەم قەیرانەی ئێستا و داوای كردووە كە بە زووترین كات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندی هاووڵاتییان بخەنە پێش بەرژەوەندی خودی و سیاسییەوە.
بەرهەم ساڵح ھەروەھا دووپاتیكردووەتەوە لەسەر دەستپێكردنی پەیوەندییەكان بۆ نەهێشتنی ئەم قەیرانە نوێیە و گێڕانەوەی بابەتەکە بۆ چوارچێوەی یاسایی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.