نرخی نەوتی خاو بەرزدەبێتەوە

بەهۆی کەمبونەوەی قەبارەی نەوتی عەمبارکراو لە کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا کە بە گەورەترین بەکارهێنەری نەوت لە جیهاندا دادەنرێت، هیوای وەبەرهێنەران لەبارەی بەرزبونەوەی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە زیادیکرد، بەوەش نرخەکەی روی لە بەرزبونەوە کرد.

بەپێی داتا جیهانییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 44 سەنت بەرزبوەوە، کە دەکاتە 1%ی نرخەکەی و لەدواین مامەڵەدا بە 44.94 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشرا.

لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی37 سەنت بەرزبوەوە لە دواین مامەڵەدا بە 41.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، واتا نرخەکەی بەڕێژەی 0.9% زیادیکردوە.

شەوی رابردو پەیمانگای پتڕۆڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە هەفتەی رابردودا قەبارەی نەوتی عەمبارکراو لە کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا بە بڕی چوار ملیۆن بەرمیل کەمیکردوە، ئەمە لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرا بە قەبارەی 2.9 بەرمیل کەمبکات.

لەوبارەیەوە ئێدوارد مۆیا، گەورە شیکەرەوەی بازاڕە ئابورییەکان لە کۆمپانیای OANDA رایگەیاند، “بەهۆی زیادبونی خواست لەسەر نەوتی خاو نرخەکەی بەرزبوەتەوە”.

هۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ نزیکبونەتەوە بۆ ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی تەرخانکردنی بودجەیەکی نوێ بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابوری وڵاتەکەیان.