بەهۆی بەڵێندانی عێراق، کە دوەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک+ بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی، هەروەها گەشبینی لەبارەی زیادبونی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە لەلایەن وڵاتانی ئاسیاوە وایکردوە نرخەکەی بەڕێژەی زیاتر لە لەسەدا 1 دابەزێت.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 40 سەنت بەرزبوەوە، کە دەکاتە 1%ی نرخەکەی و لەدواین مامەڵەدا بە 44.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشرا.
لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی 50 سەنت بەرزبوەوە لە دواین مامەڵەدا بە 41.72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، واتا نرخەکەی بەڕێژەی 1.2% زیادیکردوە.
هەشتی ئەم مانگە وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیرانی نەوتی سعودیە، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین و عومان لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی گفتوگۆیان کردوە و سەرجەمیان رێککەوتون لەسەر پابەندبون بە رێککەوتنی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت “ئۆپێک+” بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، بە ئامانجی گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی نەوت.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای ئارامکۆ-ی بەرهەمهێنەری نەوتی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی کردنەوەی کەرتی ئابوری و بوژانەوەی بازاڕەکان، پێشبینی دەکرێت خواست لەسەر بەرهەمی نەوت لەوڵاتانی ئاسیا زیاتربێت.