عێراق گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیا لەبارەی ئاوی دیجلە و فورات دەستپێدەکات


وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، عەونی زیاب، رایگەیاند لە ئایندەیەکی نزیکدا گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا لەبارەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات دەستپێدەکەن.

عەونی زیاب ئاشكرایكرد، رێژەی ئاو لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە چەند ساڵی رابردوودا رووی لە کەمی کردووە.

زیاب ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لەهەردوو رووبارەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ کەمی بارینی باران و گۆڕانی گەشوهەوا.

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق وتیشی: “سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، مەهدی رەشید حەمدانی راسپاردووە بەمەبەستی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ تورکیا لەبارەی پشکی ئاو لەهەردوو رووباری دیجلە و فورات”.

عەونی زیاب جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پێویستی زۆری بە ئاو هەیە، و نەگەیەشتن بە رێکەوتن زیانێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

زیاب ئاماژەی بەوەشکرد کە هەردوولا لەبارەی ئەم پرسەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەن.

ئاوی هەروو رووباری دیجلە و فورات لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیاوە هەڵدەقوڵێت و له‌ خاکی سووریاوە دێنە ناو خاکی عێراق و لەناوچەی قوڕنە باشووری عێراق بەیەکدەگەن و دەڕژێنە شەتولعەرەبه‌وه‌.

دیجلە و فورات بە سەرچاوەیەکی سەرەکی سەرچاوەی ئاو لە عێراق دادەنرێت، بەڵام ئاستی ئاوی هەردوو رووبارەکە بەهۆی کەمبوونەوەی بارینی باران و گۆڕانی کەشوهەوا کە جیهان پێیدا تێپەڕدەبێت، رووی لە کەمبوونەوە کردووە.

هاوکات عێراق سوود لە ئاوی رووباری دیجلە و فورات بۆ وزەی کارەبا و کشتوکاڵ وەردەگرێت.

لە بەرامبەردا ئەنقەرە نەرمی نواندووە لەبارەی داواکاری بەغدا لەبارەی ئاوی هەروو رووبارەکە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین جار گلدانەوەی ئاو و پڕکردنی بەنداوی “ئڵسو”ی لەسەر رووباری دیجلە دواخستووە.