به‌های لیره‌ی توركی به‌رده‌وامه‌ له‌ دابه‌زین

چاوه‌ڕوان ده‌كرا دوای ناردنی هه‌شت ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌لایه‌ن قه‌ته‌ڕه‌وه‌ بۆ بانكی ناوه‌ندی توركی (زراعه‌ت بانك) نرخی لیره‌ی توركی له‌ 723 لیره‌وه‌ بگاته‌ 600 لیره‌، به‌ڵام جارێكی تر نرخه‌كه‌ی داته‌پی.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى حه‌وتی ئاب، موراد سوڵتان له‌ بۆڕسه‌ی‌ باكوری‌ توركیا له‌ ویلایه‌تی ترابزۆن ڕاگه‌یاند، كه‌مێك پێش ئێسته‌ جارێكی تر‌ دۆلاری ئه‌مه‌ریكا نرخی به‌رانبه‌ر لیره‌ به‌رز بووه‌وه‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، هه‌ر 100 دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكی به‌ 733 لیره‌ی توركى له‌ بۆرسه‌كانی‌ توركیا ئاڵوگۆڕی پێ ده‌كرێت، پێشبینی ده‌كه‌ین داخستنی‌ بازاڕیش به‌رانبه‌ر 725 لیره‌ ده‌بێت.

ئه‌و وتی، هۆكاری داته‌پینی به‌های لیره‌ی توركی بۆ سیاسه‌تی ناخۆ و نه‌بوونی فڕۆكه‌خانه‌كان و داخستنی زۆربه‌ی سنووره‌كان و ڕێكاره‌ تونده‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنایه‌.

شایه‌نى باسه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ڕابردووه‌وه‌ تا ئێسته‌ زیانه‌كانی توركیا به‌هۆی دابه‌زینی به‌های لیره‌ به‌ 108 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای كه‌مبوونه‌وه‌ی زۆری دراوی بیانی له‌ بانكی ناوه‌ندی توركیا.

پێویسته‌ بوترێت، دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لیره‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جۆراوجۆر له‌ لایه‌ك و سیاسه‌ته‌كانی ناوخۆ له‌لایه‌كی تر دابه‌زیوه‌، ئه‌م دابه‌زینه‌یش چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه‌‌.