میدیاکانی عێراق رایانگەیاند، ژمارەیەك تانكەر كە ١٠٠ هەزار بەرمیل گازوایلیان هەڵگرتووە و لەسەر داوای حكوومەتی عێراق رەوانەی لوبنان كرابوون، گەیشتنە ئەو وڵاتە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، ئەو تانكەرانەی كە ١٠٠ هەزار بەرمیل گازوایلیان هەڵگرتووە لەڕێگەی سووریاوە ،گەیشتوونەتە لوبنان، شایەنی باسە دوای ئەو تەقینەوە بەهێزەی كە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە بەندەری شاری بەیروت روویدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی داوای كردبوو سووتەمەنی رەوانەی لوبنان بكرێت.
هاوکات دوێنێ چوارشەممە شاندی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری نەوت، ئێحسان عەبدولجەبار سەردانی لوبنان-ی كرد و هاوخەمی خۆی بۆ كەسوكاری قوربانییانی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت نیشان دا.
رۆژی سێشەممەی رابردوو تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شاری بەیروت رووی دا كە بەهۆیەوە تا ئێستا ١٣٥ كەس كوژراون و پێنج هەزاری دیكەیش برینداربوون، هەروەها تەقینەوەكە زیانێكی زۆری ماددیشی لێكەوتەوە.