رێگایەکی هاتوچۆی نێوان سلێمانی-هەولێر بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە دادەخرێت

قایمقامییەتی قەزای کۆیە رایگەیاند، بەهۆی بونی فشارێکی زۆر لەسەر رێگەی کلکەسماق- دوکان ژمارەیەکی زۆر تاسە و چاڵ لە رێگاکەدا دروستبوە، لەئێستاشدا دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی رێگاکە و بەوهۆیەش رێگاکە بۆ چەند رۆژێک بەڕوی شۆفێراندا دەداخرێت.
قایمقامییەتی قەزای کۆیە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەماوەی ڕابردو بەهۆی بونی فشارێکی زۆر لەسەر رێگەی کلکەسماق، لۆفەکانی رێگاکە لەنێوان کۆیە-دوکان ببوە تاسەوچاڵ و ئاستەنگی بۆ هاتوچۆ دروست کردبو، بۆیە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی کۆیە لەئێستادا دەستکراوە بەپڕکردنەوەو قیرکردنەوەی چاڵەکان لەسەر ئەستۆی کۆمپانیای جێبەجێکار.
ئەوەش هاتوە، بۆ چۆنێتی بەڕێوەچونی کارەکان ئەمڕۆ چوارشەممە یوسف حەسەن، قایمقامی کۆیە تیمەکانی کارکردنی بەسەر کردوەتەوە.
لای خۆیەوە بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی قەزای کۆیە رایگەیاند، بەمەبەستی چاکردنەوەی ئەو چال و چۆلیەی لەرێگای دەشتی کۆیەدا بونیان هەیە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک رێگای کلکەسماق- دوکان دادەخرێت.

بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی قەزای کۆیە لە ئاگادارینامەیەکدا باسی لەوەشکردوە، ئاگاداری شۆفێران و هاوڵاتیان دەکەنەوە کە بەھۆی چاککردنەوەی ئەو چال و چۆلیەی لەرێگای دەشتی کۆیە بۆ کلکەسماقدا بونیان هەیە،  رێگای کلکەسماق- دوکان بۆماوەی چەند رۆژێک دادەخرێت.

ئەوەش هاتوە، شوفێران دەتوانن رێگای دەشتی کۆیە-گۆپتەپە- ئاخجەلەر بەکاربهێنن.