روحوڵڵا لەتیفی وتەبێژی فەرمی بەناوی گومرگەكانی ئێران رایگەیاند، لەماوەی چوار مانگی رابردوودا هەناردە نانەوتییەكانی ئێران بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ كەمیان كردووە، روونیشیكردووەتەوە تێكرای بەهای هەناردە نانەوتییەكانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ٨،٧ ملیار دۆلار، لەبەرانبەردا ١٠،٩ ملیار دۆلار هاوردەیان هەبووە.
ئاوێنه: لەتیفی باسی لەوەش كردووە، لەچوار مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا ، هەناردەی نانەوتی ئێران جگە لە نەوتی خاو و زەیتی سووتەمەنی و كیرۆسین ٣٠ ملیۆن و ٢٨٥ هەزار تۆن بووە، كە بەهاكەی گەیشتووەتە ٨ ملیار و ٧١٣ ملیۆن دۆلار، كە بەرانبەر بە چوار مانگی ساڵی رابردوو بەڕێژەی ٤٠٪ كەمی كردووە .
هەروەك وتەبێژەكەی گومرگەكانی ئێران رایگەیاندووە، لەو چوار مانگەدا، چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران بووە، بەشێوەیەك لەسەدا ٢٨ی هەناردەی نانەوتی ئێران، كە ٨ ملیۆن و ٤٦٩ هەزار تۆن بووە و بەهاكەی گەیشتووەتە دوو ملیار و ٤٧٤ ملیۆن دۆلار، رەوانەی چین كراوە، لەبەرانبەریشدا لەسەدا ٢٥ی هاوردەكان، كە ١،٢ ملیۆن تۆن بووە و بەهاكەی ٢ ملیار و ٨٠٦ ملیۆن دۆلار بووە لەو وڵاتەوە هاوردە كراوە.
بەقسەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، عێراق لەهەمان ماوەدا دووەم گەورە هاوردەكاری كاڵا نانەوتییەكانی ئێران بووە، كە لەسەدا ٢٢ی سەرجەم هەنارەی ئێرانی پێكهێناوە و بریتی بووە لە شەش ملیۆن و ٤٤٦ هەزار تۆن، بە بەهای ملیارێك و ٩٦٥ ملیۆن دۆلار.