عێراق خاوەنی 96.3 تۆن یەدەگی زێڕە


ئەنجومەنی زێڕی جیهانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی ئاب، ڕایگەیاند لە جیهاندا زیاتر لە 35 هەزار تۆن یەدەگی زێڕ هەیە، عێراقیش لە ڕیزبەندی 38ـەمین وڵاتی جیهاندایە کە خاوەنی 96.3 تۆن یەدەگی زێڕە.

لە دوایین ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زێڕی جیهانی هاتووە، جیهان خاوەنی 35 هەزار و 17 تۆن یەدەگی زێڕە، بەمەش ئاستی یەدەگی زێڕی جیهان بەراورد بە ساڵی 2019 بەرزبووەتەوە، کە 34 هەزار و 300 تۆن بووە.

ئەنجومەنەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا بە پلەی یەکەم دێت، کە خاوەنی 8 هەزار و 133 تۆنە، ئەڵمانیا لە پلەی دووەمدایە و خاوەنی 3 هەزار و 363 تۆن یەدەگی زێڕە و ئیتالیاش بە پلەی سێیەم دێت و خاوەنی 2 هەزار و 450 تۆنە.

ئەنجومەنی زێڕی جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە، “عێراق لە پلەی 38ـدایە لەسەر ئاستی جیهان و خاوەنی 96.3 تۆن یەدەگی زێڕە، هەروەها لە دوای سعودیە، جەزائیر، لوبنان و لیبیا، لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەبیدایە”.