شاری‌ پیشه‌سازیی‌‌و گه‌شتیاریی‌ گه‌وره‌ له‌هه‌رێم دروستده‌كرێن

سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرایكرد، بڕیاره‌ ژماره‌یه‌ك شاری‌ گه‌شتیاریی‌‌و پیشه‌سازی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا دروستبكرێن.
(هێرش موحه‌ڕه‌م) سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌ئێستادا ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان سه‌رقاڵی‌ پرۆژه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك شاری‌ گه‌شتیاریی‌‌و پیشه‌سازییه‌، وتیشی‌:”پرۆژه‌كان زۆر گه‌وره‌ن‌و بڕیاره‌ بودجه‌ی‌ گه‌وره‌یان بۆ ته‌رخانبكرێت‌و دروستكردنی‌ هه‌ریه‌كه‌یان، نزیكه‌ی‌ پێنج ساڵ ده‌خایه‌نێت”.
سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، له‌ئێستادا له‌قۆناغی‌ گفتوگۆدان له‌سه‌ر شێوازی‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ی‌ كه‌ واژۆده‌كرێت بۆ ئه‌و پرۆژانه‌، وتیشی‌:”ئێمه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان گرووپێكی‌ ڕاوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیمان له‌گه‌ڵدان، بۆئه‌وه‌ی‌ شێوازی‌ گرێبه‌سته‌كه‌ شێوازێكی‌ گشتگیربێت”.
هێرش موحه‌ڕه‌م ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، له‌و پرۆژانه‌ كه‌ ئێستا قۆناغی‌ باشیان تێپه‌ڕاندووه‌ برییتین له‌(پرۆژه‌ی‌ شاری‌ گه‌شتیاریی‌ دوكان، شاری‌ پیشه‌سازی‌ هه‌ولێر‌و شاری‌ پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌).