ڤایرۆسی کۆرۆنا پشکی گەورەی زیانەکەی بەر کەرتی گەشتوگوزار کەوتووە و لە زۆر شوێن رێژەی گەشتیارانی کردووە بە سفر.
لە هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی تایبەت بە رووبەرووبونەی کۆرۆنا هاتنە ناوەوەی گەشتیار بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای گەیشتنی ڤایرۆسەکەوە، قەدەغە کراوە.
وتهبێژی دهستهی گهشتوگوزاری ههرێمی كوردستان، نادر روستی رايگەیاند “لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیانێکی گەورە بە کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گەیشتووە و رێژەی هاتنی گەشتیار یەکسان بووە بە سفر”.
نادر روستی دەربارەی هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی قورباندا وتی: “بەپێی رێکارەکان گەشتیار نەهاتووە بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان، هاتوچۆی نێوان شارەکانیش نییە، ئەوەی هەیە جوڵەی هاووڵاتییانە لە چوارچێوەی یەک پارێزگا کە سەردانی هاوینەهەوارەکانیان کردووە کە ئەوەیش هیچ کاتێک بە گەشتیار هەژمارمان نەکردووە”.
هۆتێل و مۆتێلەکانی سلێمانی لە جەژندا بەتەواوی پڕبوونەوە لە گەشتیارانی عەرەبی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 50 هەزار گەشتیار تەنها روویان لە سلێمانی کردووە، دەربارەی ئەمە وتهبێژی دهستهی گهشتوگوزاری ههرێمی كوردستان، نادر روستی وتی: “زانیاریم نییە لەسەر ئەوە، دەتوانن پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی-یەوە بکەن بزانن ئەوانە لە کوێوە هاتوون، ئەوەندەی من بزانم هەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن و لێرە و لەوێ دەچنە جێیەکی دیکە، نەمزانیوە گەشتیار لە دەرەوە هاتبێت، من پەیوەندیم بە گەشتوگوزاری سلێمانی-یەوە کرد هیچ زانیارییان نەبوو لەسەری”.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار داوای کردووە ئەگەر گەشتیار دێت، بەڕێگای گرووپە گەشتیارییەکان بێن، بەڵام پارێزگا و لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی رەتیان کردووەتەوە رێگە بە هاتنی گەشتیار بدرێت.
پارێزگاری سلێمانی، دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر رايگەیاند “هیچ شتێک نییە قسەی لەسەر بکەین، ئەوەی هاتبێت بەڕێنمایی تەندروستیی هاتووە و بەهۆی جەژنەوە هاتوون و تەواو بوو، ئەمڕۆ جەژن تەواو بوو”.
ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان ریکۆردێکی نوێی تۆمار کرد لە بواری گەشتیاریدا، بەهەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتنە ناو هەرێمی کوردستانەوە کە زیاتر لەسەدا 85یان گەشتیاری شارەکانی عێراق و بەشەکەی دیکەشیان لە ئێران و وڵاتانی دیکەوە هاتنبوون، لەو رێژەیەش زیاتر لە 250 هەزاریان تەنها لە جەژنی قورباندا بووە.
بەپێی خەمڵاندنی گەشتیاری، ئەگەر هەر گەشتیارێک تەنها 300 دۆلار خەرج بکات ئەوا ئەمساڵ هەرێمی کوردستان یەک ملیار و 110 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە تەنها لە کەرتی گەشتوگوزاردا.