وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی وڵاتەکە لە مانگی تەمموزی رابردودا زیاتر لە ٨٥ملیۆن بەرمیل بوە، داهاتەکەشی زیاتر لە سێ ملیار و ٤٨٧ ملیۆن دۆلاربوە.
ئاوێنه: عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی رابردودا گەیشتوەتە ٨٥ ملیۆن و ٦٦٠ هەزار و ٢٩٠ بەرمیل نەوت، داهاتەکەشی (سێ ملیار و ٤٨٧ هەزار و ١٣٩ هەزار دۆلار بوە.
ئاماژەی بەوەشکراوە، کۆی نەوتی هەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق گەیشتوەتە ٨٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار و ٣٨١ بەرمیل، لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکیش دو ملیۆن و ٧٠١ هەزار و ١٥ بەرمیل لەڕێگەی بەندەری جیهان رەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشکردوە، تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوت لە مانگی رابردودا دو ملیۆن و ٧٦٣ هەزار بەرمیل بوە، لەو رێژەیەش دو ملیۆن و ٦٦٨ هەزار بەرمیلی لەرێگەی بەندەرەکانی بەسڕەوە هەناردەکراوە، لە بەندەری جیهانیش رۆژانە ٨٧ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، تێکڕای نرخی نەوتیش بۆ هەر بەرمیلێک ٤٠.٧٠٨ دۆلار بوە.