هاوردەكردنی هەنجیر و هەنار و ترێ قەدەغە كران


بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمڕۆ چەندین بەرهەم قەدەغە بۆ هەرێمی كوردستان بكرێت ئەوەیش بۆ پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی.

ئەمڕۆ شەممه‌ یەكی ئاب، دەروێش ئەیوب سەرپەرشتیاری ئۆتۆمبێلی گواستنەوە لە دەروازەكان بۆ عەلوەكان  ڕاگەیاند، بەپێی بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمڕۆ ناتوانین كۆمەڵێك بەرهەم لە وڵاتی ئێران هاوردە بكەین.

ئەو سەرپەرشتیارە وتی، شوفێرانمان ئاگەدار كردووەتەوە بەرهەمەكانی هەنجیر و هەنار و ترێ نابێت بگوازنەوە لە مەرزەكان ڕێگەیان پێ‌ نادرێت، چونكە بەرهەمی ناوخۆی پێگەیشتووە.

باسی لەوەشكرد، ساڵانی ڕابردوو باج دەخرایە سەر ئەو بەرهەمانە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بە تەواوەتی قەدەغە كراون و نابێت بگوازرێنەوە بۆ ناو هەرێمی كوردستان.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەكان دەرچوو كە پێویستە لە یەكی تەمووز ڕێگە نەدرێت بە هاوردە بەرهەمی هەنجیر و هەنار و ترێ بەهۆی پێگەیشتنی و پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی.