بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ فرۆکەخانەکان بەرووی گەشتیاراندا کراونەتەوە، ئەگەر گەشتیارێک پشکنینی کۆرۆنای نەکردبێت، گەشتەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە.
تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەگرتنەبەری رێکارە تەندروستییەکان لە ئێستادا فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، دەبێت ئەو گەشتیارانەی دێنە فڕۆكەخانە بەمەبەستی ئەنجامدانی گەشتەكانیان، چوار كاتژمێر پێش کاتی ئەنجامدانی گەشتەكە لە فڕۆكەخانە ئامادەبن، بەهۆی ئەوەی رێكار و رێنماییەكان زیاتر بون و وەكو پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە.
وتیشی، پێویستە گەشتیار پشکنینی(ئاسایش، پاسپۆرت، كۆرۆنا) بکات، چوار کاتژمێر پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی لە فرۆکەخانە ئامادەبێت، بەپێچەوانەوە چانسی ئەنجامدانی گەشتەكەی لەدەستدەدات چونكە، ئەگەر گەشتیارێک پشکنینی پزیشکی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نەکردبێت، گەشتەکەی هەڵدەوەشێندریتەوە.
بە وتەی تاهیر عەبدوڵا، یەکەم و دووەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ تورکیا دەبێت، ئەو کردنەوەیە قۆناغی یەکەمی کردنەوەی فڕۆکەخانەکەیە و هێشتا گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی کۆرۆناوە، بە تەواوی ئاسایی نەبونەتەوە.