ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەستپێدەکاتەوە





ئەمڕۆ شەمە 1/8/2020  گەشتەكانی ھەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و ھەولێر دەستیانپێكردەوەو چەند رێكار و رێنمایی تەندروستیش بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراوەتەبەر.



فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە:” بەمەبەستی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی ئاگاداری گەشتیارانی دەكەین كە پێویستە پێش (٤٨) كاتكۆ لە ئەنجامدانی گەشتەكە پشكنینی (PCR) ئەنجام بدەن”.



 لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە:”  بۆ پشكنینەكەش نەخۆشخانەی شەھید تاھیر علی والی بەگ لە سلێمانی – سەرچنار دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی پشكنینەكە، داوا لە ھاووڵاتییان دەكەین ئەوانەی كە گەشتەكانیان نزیكە پەلە بكەن لە ئەنجامدانی ئەو پشكنینە بە پێچەوانەوە بەبێ ئەنجامدانی پشكنین گەشتیار ڕێگەی پێنادرێت گەشت بكات”.



هاوكات راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”پێویستە گەشتیارانی چوون و ھاتن دەمامك و دەستكێش بەكاربھێنن لە تێرمیناڵی فڕوكەخانە. بەپێی ئەو شوێنەی كە گەشتی بۆ ئەنجام دەدەن، گەشتیاران پێویستییان بە پشكنینی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە جۆری (PCR).” 



ئەوەش روونكراوەتەوە: “پشكنینەكان، بەپێی بڕیاری بەڕێوبەرایەتی پاراستنی تەندروستی هەولێر، لە بنكەی تەندروستی زانكۆ، رێگای كەركووك، تەنیشت كۆلێژی زانست، ئەنجام دەدرێن. ئەو گەشتیارانەی كە دێنە ھەرێمی كوردستان، پێویستە یان پشكنینی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە جۆری (PCR) بەر لە 48 كاتكۆ بەر لە ھاتنیان ئەنجام بدەن، یاخود لە كاتی گەیشتنیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل پشكنینەكەیان بۆ ئەنجام دەدرێت و تێچوویەكەی دەكەوێتە سەرشانی گەشتیار. پێویستە سەرجەم گەشتیارە ھاتووەكان بەڵێننامەیەك پڕبكەنەوە كە بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان كەرەنتین بكەن، لە دوای گەیشتنیان بۆ ھەرێمی كوردستان”.