به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژن له‌ سلێمانی‌ جوڵه‌ كه‌وته‌ كڕین و فرۆشتنی‌ ئۆتۆمبێل

له‌ سلێمانی جووڵه‌ كه‌وته‌ بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و كاسبكارانی‌ پێشه‌نگاكانی‌ ئۆتۆمبێلیش باس له‌ جۆری ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بازاڕیان كراوه‌ته‌وه‌.

كارزان جه‌لال، له‌ پێشانگای كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل له‌ سلێمانی ڕاگه‌یاند، نرخی ئۆتۆمبێل جووڵه‌ی تێكه‌وتووه‌ و به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژن و كۆتایی هاتنی كه‌ره‌نتینه‌وه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

روونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر ئۆتۆمبێلێك له‌ 500 بۆ 700 دۆلاری چووه‌ته‌ سه‌ر، ئه‌مه‌ش به‌شێكی پێوه‌ندی به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژن و به‌شێكیشی پێوه‌ندی به‌ جووڵه‌ی بازاڕه‌وه‌ هه‌یه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ سامان محه‌مه‌د، فرۆشیارێكی‌ تری ئۆتۆمبێله‌ له‌ سلێمانی ب ڕاگه‌یاند، له‌ پێشتردا كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل وه‌ستابوو، هیچ جووڵه‌یه‌ك نه‌بوو، به‌ڵام ئێسته‌ ورده‌ ورده‌ جووڵه‌ كه‌وتووه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌یش كرد كه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی نرخیان له‌ خوار 10 هه‌زار دۆلاره‌وه‌یه‌ بازاڕیان گه‌رمه‌.

له‌ماوه‌ی‌ رابردوو به‌هۆی‌ كه‌ره‌نتینه‌ی‌ هاووڵاتییان و ترسی‌ زیاتر له‌ كۆرۆنا كڕین و فرۆشتنی‌ ئۆتۆمبێل تا ئاستێكی‌ زۆر وه‌ستابوو، به‌ڵام ئێسته‌ له‌گه‌ڵ ئاسایبوونه‌وه‌ی‌ تا راده‌یه‌ك له‌ ژیان هاووڵاتییان روو له‌ پێشه‌نگاكانی‌ ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ن.