وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند، مەرجی سەرەكی وەزارەتی كشتوكاڵ لە پێدانی مۆڵەتدا بە كارگەكان ئەوەیە كە دەبێت بەروبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن، بەڵام دەبێت جووتیارانیش هەماهەنگبن و بنەتۆوێك بەكاربهێنن كە خواستی كارگەكانی لەسەربێت و لای ئێمە تۆماركرابێت.
بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند “ئێمە هەوڵمان ئەوەبوو ئەو كارگە ناوخۆییانەی كە لەبواری بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن بەگەڕبخرێنەوە و ئێستا كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور كەوتەوە كار و بەرووبوومی جووتیارانی ناوخۆش بەكاردەهێنن، ئێمە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان یەكێك لە مەرجەكانمان بۆ ئەم جۆرە كارگانە ئەوەیە كە دەبێت لە مۆڵەتەكانیان بنوسرێت دەبێت بەرووبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن”.
دەشڵێت:”توێژینەوەمان لەسەر جۆرێك لە بنە تۆو كردووە كە ئەنجامەكەی دەریخست لە هەر چوار كیلۆ تەماتە كیلۆیەك دۆشاوی لێ بەرهەمدێت كە ئەمە بەرهەمێكی باشە و خواستی كارگەكانیش هەر ئەمە بوو، بۆیە ئێمە دەتوانین بۆ ساڵی ئایندە هاوكاری جووتیاران بین و ئەو بنە تۆوانەیان پێبدەین كەدەتوانرێت لەكارگەكاندا بەرووبوومەكەی بەكاربهێندرێت”.
بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاند”بۆئەوەی گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەم دووبارە نەبێتەوە پێویستە جووتیاران هەماهەنگبن و گرێبەست لەگەڵ كارگەكان واژۆ بكەن و هەردوولا پابەندبن بە گرێبەستەكانەوە، ئەو بنەتۆوەی كارگەكان دەیهێنن و داوای دەكەن ئەوە دابچینن بۆئەوەی بەرهەمێكی لێ بەرهەمبێت بەدڵی ئەوانبێت و بۆ بەرهەمهێنانی دۆشاو بەپێی خواست و داواكاری ئەوان گونجاوبێت”.
وەزیری کشتوکاڵ وتیشی: “ئێمە دەمانەوێت ئەو كارگانە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بەگەڕبخرێنەوە، بەرهەمی ناوخۆ پەرەپێبدەین و بەرهەمێكی تەندروست و پاك بە كوالێتییەكی بەرز بخرێتە بازارەوە بەڵام ئەمە پێویستی بە هەماهەنگییە، هەم هەماهەنگی لە نێوان جووتیاران و كارگەكان پێكەوە، هەم پاڵپشتیكردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لە كارگەكان و جووتیاران”.