ژماره‌یه‌ك كارگه له‌ پێنجوێن سندووقی پلاستیكی ناوخۆیی بۆ جووتیاران بەرهەم دەهێن


جیاواز له‌ ساڵانی رابردوو، ئه‌مساڵ له‌ سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن، ژماره‌یه‌ك كارگه‌ی دروستكردنی سندووقی پلاستیكی ناوخۆیی كه‌وتوونه‌ته‌ كار و له‌ڕووی ره‌خساندنی هه‌لی كار و نرخی سندووقه‌كه‌ بۆ جووتیاران، سوودێكی باشی ئابووری هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25ی ته‌مووز، واحید ره‌حیم خاوه‌نی كارگه‌ی دروستكردنی پلاسكۆی سه‌وزه‌ و میوه‌ له ‌پێنجوێن راگه‌یاند: له‌ماوه‌ی كاركردنماندا، توانیومانه‌ هاوكارێكی باشی جووتیاران و پاكڕاگرتنی ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌مان بین، به‌ سوودوه‌گرتن له‌و كه‌ره‌سته‌ و كاڵا پلاستیكییانه‌ی كه‌ پێشتر به‌كار هاتوون و فڕێ دراونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و كۆڵانه‌كان، به ‌ئامانجی پاراستنی ژینگه‌ و سروشتی سنووره‌كه‌مان.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، كارگه‌كه‌مان له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا، توانای به‌رهه‌مهێنانی نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار سندووقی هه‌یه‌، زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیشمان له ‌ناوخۆی پێنجوێندا ساغ ده‌كرێنه‌وه‌، به‌شێكیشیان ره‌وانه‌ی شاره‌كانی تری كوردستان ده‌كه‌ین، هاوكات دوو جۆر سندووقی تێدا به‌رهه‌م ده‌هێنین، كه‌ جۆرێكیان قه‌باره‌ی گه‌وره‌یه و جۆره‌كه‌ی تر قه‌باره‌ی بچووكه‌، ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی له ‌دروستكردنی سندووقه‌كانیش به‌كاریان ده‌هێنین، ماده‌ی كۆنی پلاستیكی شكاوی ماڵان و شوێنه‌ گشتییه‌كانه‌، كه‌ فڕێ دراون و كیلۆی به‌ نزیكه‌ی 300 دینار ده‌یكڕِینه‌وه‌.

یادگار عه‌لی خاوه‌نی كارگه‌یه‌كی تری سندووق له ‌سنووری پێنجوێن وتی، ئاشێكمان لایه‌ كه‌ كه‌ره‌سته‌ی كۆنه‌ی پێ ده‌هاڕینه‌وه‌ و دوایی ده‌كرێته‌ فه‌رده‌وه‌ و دواتر ده‌كرێته‌ ناو ئه‌و ئامێره‌وه‌ كه‌ سندووقی پێ دروست ده‌كه‌ین، دواتر له‌ رێی بارهه‌ڵگر یان راسته‌وخۆ ده‌برێت بۆ جووتیاران یان له‌ شوێنێكدا دایان ده‌نێین و له‌وێ جووتیاران خۆیان دێن ده‌یكڕنه‌وه‌، زیاتر له‌ 10 كه‌س كار ده‌كه‌ن وه‌ك كرێكار و سه‌رپه‌رشتیار و توانیومانه‌ هه‌لی كار بۆ گه‌نجان دابین بكه‌ین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا “سندووقه‌كانی ئێمه‌ به‌ به‌راورد به‌وانه‌ی تر هه‌رزانتر ده‌كه‌وێت و زووتر ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ستی جووتیاران، دوو ئامێرمان هه‌یه‌ و تێچوویان زیاتر له ‌150 هه‌زار دۆلاره‌، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت هاوكاریمان بكات، به‌رهه‌می ترمان بۆ ساڵانی داهاتوو ده‌بێت، وه‌ك دروستكردنی كه‌ره‌سته‌ی  بۆڕی و پلاستیكی، تێچووی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر سندووقێكیش له‌سه‌رمان 400 دینار ده‌كه‌وێت و سندووقێكیش به‌ 500 دینار ده‌فرۆشینه‌وه‌”.

ئه‌و خاوه‌ن كارگه‌یه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، رۆژانه‌ شه‌ش هه‌زار سندووقمان هه‌یه‌ بۆ بارهه‌ڵگری بچووكیش ده‌شێن و هه‌ر سندووقه‌ی 18 كیلۆ ته‌ماته‌ ده‌گرێت و تۆكمه‌ن، ساڵی رابردوو جووتێك سندووقی ره‌شی ئێرانی نرخه‌كه‌ی ‌زیاتر له ‌هه‌زار و 600 دینار بوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌ هه‌زار دیناره‌ و سندووقه‌كانیش باشترن له ‌ئێرانییه‌كه.

شارۆكه‌ی پێنجوێن، به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی سروشته‌كه‌ی و سه‌رقاڵی زۆربه‌ی دانیشتووانی به‌ كاری كشتوكاڵی، ‌بوونی ئه‌م كارگانه‌ سوودی زۆری بۆ پاكڕاگرتنی ژینگه‌ و ره‌خساندنی هه‌لی كار ده‌بێت.